واشنتن پۆست: ئەگەری هەیە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران

 ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا ئاشکرایان کردووە، ئیسرائیل بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەمساڵ هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوان بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەمەش لاوازیی تاران دەقۆزێتەوە،

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردەوە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەری هەیە ئیسرائیل لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

برایان هیوز گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ڕاگەیاند، دۆناڵد ترەمپ ڕێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.

گوتیشی، "ترەمپ گفتوگۆی ئاشتیانە لەسەر کێشەکانی ئەمەریکا و ئێران پەسەند دەکات، بەڵام ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت بۆ ڕێککەوتن، ئەوە ترەمپ چاوەڕێ ناکات."

بەپێی ھەڵسەنگاندنێکی ھەواڵگری، کە لە دوایین ڕۆژەکانی ئیدارەی جۆو بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ئامادە کراوە، ئیسرائیل ترسی لەوە ھەیە ئەو دەرفەتەی نەمێنێت، بۆ ڕێگریی لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، کە ئەمەش ڕەنگە فشار بخاتە سەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ پشتگیریکردنی لە ئەگەری لێدانی ئێران.

لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنالدا هاتووە "ئیسرائیل، بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئیدارەی ترەمپ لە ئیدارەی پێشووتر زیاتر بە پاڵپشتی خۆی دەزانێت، چونکە پێویستی بە پشتیوانیی سەربازیی ئەمەریکا و تەقەمەنی دەبێت."

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یسرائیل کاتز، لە مانگی تشرینی دووەمی 2024، گوتی: "دەرفەتێکمان بۆ ڕەخساوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان، کە بریتییە لە پووچەڵکردنەوە و نەهێشتنی ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە."

هەفتەی ڕابردوو ترامپ یاداشتێکی ئیمزا کرد، کە ڕێگری لە ئێران دەکات چەکی ئەتۆمی هەبێت، لە بەرامبەردا ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران دەربڕی.