پزیشکیی دادی عێراق 32 ڕوفاتی قوربانیانی دەستی داعش لە شنگال، ڕادەستی کەسوکاریان دەکاتەوە

پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، پزیشکیی دادی عێراق 32 ڕوفاتی قوربانیانی دەستی داعش لە شنگال، ڕادەستی کەسوکاریان دەکاتەوە. هەروەها کاروانی یەکەمی قوربانیانی شارەدێی حەمام عەلیل کە 21 ڕوفات بووە.
زیا کەریم، بەڕێوەبەری گۆڕە بە کۆمەڵەکانی دەزگای شەهیدان و بێسەروشوێنانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ لەو ڕێوەڕەسمەدا دەبوایە پاریزگاری نەینەوا یان سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا لێرە ئامادەبووبان بۆ ئەوەی وەڵامی هەموو پرسیارەکان بدەنەوە. " گوتیشی: سالانە ئێمە پلانێکی تایبەتمان هەیە کە لەگەڵ دادوەری پزیشکی بەیەکەوە کار دەکەین، کە هەر گۆڕێک هەبێت هەڵی دەدەینەوە و پشکنینی بۆ دەکەین.
ئاماژەی بەوەش دا، هەندێک شت هەیە کاریگەریی لەسەر هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە هەیە، وەک دۆخی ئەمنی.
زەید عەلی، بەڕێوبەری پزیشکیی دادی عێراقیش دەڵێت: ئێمە لە قۆناغی داهاتووشدا بەردەوام دەبین لەکارەکانمان، بۆیە ئێمە ئەگەر زانیاری باشمان لەبەردەست نەبێت، ناتوانی گۆڕەکان هەڵبدەینەوە، هەورەها دەبێت پارێزگاری لە ڕوفاتەکان بکەین.
باسی لەوەش کرد، هەندێک ئاماژەی هەیە لەسەر بزربوونی ئێسکی ڕوفاتەکان، ئەمەش کاریگەریی لەسەر پرۆسەکە هەیە، بۆیە ئێمە هەموو ئەوانە کۆدەکەینەوە و ڕەوانەی پزیشکیی دادیان دەکەین بۆ پشکنین.
زیا کەریم ڕاشیگەیاند، ئەوگۆڕە بەکۆمەڵانە بەدەستی تیرۆر هەڵکەنراون، کە زیاتر لە 100 گۆڕی بەکۆمەڵ لەناوچە جیاوازەکان هەیە، هاوکات ئەو ناوچانەی دەستنیشان کراون زیاتر لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی تێدایە، هەروەها زیاتر لە 51 گۆڕی بەکۆمەڵ هەیە هێشتا نەکراونەتەوە، ئەوانەشی کراونەتەوە لە شنگال 64 دانەن.