داواکاریی مۆڵەت بۆ کردنەوەی ڕادیۆ لە هەرێمی کوردستان کەمی کردووە

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، دەڵێت: 160ڕادیۆ مۆڵەتیان هەیە و هیچ کێشەیەکی پێدانی فریکوێنسمان نییە.
پێنجشەممە، 13ــی شوباتی 2025، شێروان عەبدوڵا، بەڕێوەبەریی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 160 ڕادیۆ مۆڵەتی فەرمییان هەیە، بەڵام چەند ساڵێکە زۆر بەکەمی داوای پێدانی مۆڵەت بۆ کردنەوەی ڕادیۆ دەکرێت، تەنانەت لە ساڵێکدا لە دوو دانە زیاتر نییە.
شێروان عەبدوڵا، گوتیشی: هیچ ڕادیۆیەک لەسەر نوێ نەکردنەوەی مۆڵەت دانەخراوە و ساڵانە مۆڵەتەکانیان نوێ دەکەنەوە.
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژی بەوەش کرد "هیچ کیشەی پێدانی فریکوێنسمان بە ڕادیۆکان نییە، هەرچەند پێشووتر ئەو کێشەیەمان هەبوو."
یەکەم ڕادیۆی شۆڕش لەسەر خاکی کوردستان، بە ناوی دەنگی کوردستانی عێراق، لە 28ئەیلوولی 1963 دەستی بە پەخش کرد.