وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەربڕی

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوبەی لەگەڵ سوهەیل ئەلمەزروعی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات، پێشخستنی ژێرخانی ئابوورییان تاوتوێ کرد و وەزیری وزەی ئیمارات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی شوباتی 2025، لە چوارچێوەی بەشداریی لە لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سوهەیل ئەلمەزروعی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات پێشخستنی ژێرخانی ئابوورییان تاوتوێ کرد.

لەو دیدارەدا، کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی لە نێوان هەردوولا لە بواری وزە و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری تاوتوێ کرا.

سەرۆکی حکوومەت، کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی حکوومەت لە بواری وزە و باشترکردنی کەرتی کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەوڵەکانی حکوومەت بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی لە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2026، خستەڕوو.

لەلایەن خۆیەوە سوهەیل ئەلمەزروعی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات، ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە سوودوەرگرتن لە شارەزایی ئیمارات لە بواری وزە و وزەی نوێبووەوە و کارەبادا.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژی دەسپێکردنی لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان، ڕۆژی سێشەممە 11ی ئەم مانگە، بەشداریی لە پانێلێک بە ناونیشانی (تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و لەدەستنەدانی دەرفەتەکان) کرد.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەو پانێلەدا وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، بارودۆخی ناوچەکە، کەرتی پەروەردە و چەندان پرسی دیکە دایەوە. 

دووشەممە 10ی شوباتی 2025، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، کە پێکهات بوو لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار،   ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و   ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، بەرەو ئیمارات بە ڕێ کەوتن، بۆ بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆتا ڕۆژی لووتکەکەیە.