کریستیانەکان داوای دەرکردنی گرووپە میلیشیاکانی دەشتی نەینەوا دەکەن

پێکهاتەکانی کریستیان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیان، بە هاوبەشی چەند داواکارییەک ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی گرووپە میلیشیاکان لە دەشتی نەوینەوا دوور بخرێنەوە و ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت.
پێکهاتەکانی کریستیان بە ناوی داواکارییەکانی پێکهاتەی مەسیحی، یاداشتێکیان ئاراستەی هەر یەک لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی دادگای فیدراڵ، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، سەرۆکی کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیان کرد.
لە یاداشتەکەدا هاتووە "پێکهاتەی کریستیان بە درێژایی مێژوو، بەشێک بوون لە پێکهاتەی شارستانییەتی عێراق لە نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، هەروەها بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژی و پرۆسەی پاکتاوکردن بوونەتەوە، دواهەمینیان ئەو تاوانانە بوون لە لایەن ڕێکخراوی قاعیدە و ڕێکخراوی داعشەوە کران، کە بوونە هۆی کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆری کریستیانەکان بۆ دەرەوەی وڵات.
لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەیاندا، جەخت لە پاراستنی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتیی و جێبەجێکردنی بنەماکانی دیموکراسی و ئازادیی ئاینیی لە عێراق دەکەنەوە، وەک ئەوەی لە دەستووری هەمیشەیی عێراق و ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، کە عێراقیش ئەندامە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە یاداشتنامەکەدا، کریستیانەکان داوای کشاندنەوەی گرووپە میلیشیاکان لە دەشتی نەینەوا و گوند و ئاواییەکانی کریستیان و ئێزدینشین دەکەن. لە هەمانکاتدا، دۆسییەی ئەمنیی ناوچەکان ڕادەستی خەڵکی ڕەسەن بکرێتەوە لە پێناو زامنکردنی ئاسایسی ناوچەکە و دوورخستنەوە دەستی میلیشیاکان لە دەستوەردان لە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان.
هەروەها داوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن، بۆ ئەوەی پێکهاتەی کریستیان بتوانێت نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی خۆی بکات.
لە بەشێکی دیکەدا، داوای جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراقی دەکەن، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دیموگرافیا و مێژووی ناوچەکانیان بکەن.
هەروەها داوا دەکەن بە ڕاوێژ لەگەڵ مەرجەعە ئایینی و سەرۆکی کڵێساکان، یاسایەکی تایبەت بە باری کەسێتیی پێکهاتە ئایینییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیسلام دەر بکەن، لەوانە کریستیان، ئێزدی، سابیئە مەندائییەکان، بۆ پارێزگاری لە مافی پێکهاتەکان و زامنکردنی سەربەخۆیی لە کاروبارە ئایینییەکانیاندا.