نوێنەری تورکیا لە UN: کۆتایی هێنان بە تیرۆر مەرجێکی ڕیشەییە بۆ سووریا
ئەحمەد یڵدز: پەکەکە و یەپەگە نوێنەری کورد نین لە سووریا

نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: داعش، پەکەکە، یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سووریا جێگەیان نابێتەوە، هەربۆیە کۆتاییهێنان بەم ڕێکخراو و گرووپانە، بنەما و مەرجی سەرەکییە بۆ بوونی سووریایەکی یەکگرتوو، سەقامگیر و سەربەخۆ.
لە میانەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەحمەد یڵدز، نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لەسەر دوا پێشهاتەکانی سووریا و قۆناغی داهاتووی ئەو وڵاتە قسەی کرد و گوتی: لە سووریای نوێ جێگەی داعش، پەکەکە، یەپەگە و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نییە و نابێتەوە، چونکە نەمانی ئەو گرووپانە مەرجی پێشوەختەیە بۆ بوونی سووریایەکی سەربەخۆ، یەکگرتوو و سەقامگیر.
یڵدز گوتیشی: ناکرێت یەپەگە و هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک قەوارەیەکی جیا لە پەکەکە تەماشا بکرێن، هەربۆیە پەکەکە و یەپەگە نوێنەری شەرعیی کورد نین لە سووریا.
هەروەها باسی لە نەوت و غازی سووریا کرد و ڕایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سووریا دەستیان بەسەر سامانی نەوت و غازی وڵاتەکەدا گرتووە و دەبێت بگەڕێنرێتەوە بۆ گەلی سووریا و بخرێتە خزمەتی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە.
بە گوتەی یڵدز: یەپەگە و هەسەدە لە سووریا کامپ و زیندانەکانی ڕێکخراوی داعش وەک بەهانەیەک بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە بەکار دەهێنن تاوەکوو شەرعیەت بە خۆیان بدەن، بۆیە دەبێت چەکدارە بیانییەکانی ئەو گرووپانە سووریا بەجێ بهێڵن و ئەوانی دیکەش چەک بکرێن.
ئەحمەد یڵدز، نوێنەری هەمیشەیی تورکیا جەختی سیاسەتی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پابەندبوون لە پشتیوانیی سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو.