سێ تۆمەتبار لە رانیە بەھۆی رفاندنی كەسێك دەستگیر كران

.

K24 - رانیە

درەنگانی شەوی رابردوو چوار کەس لە نزیک گەراجی رانیە ــ قەڵادزێ بە هەڕەشەکردن و بەکارهێنانی چەک، هاووڵاتیەک دەڕفێنن، دوای رووداوەكەش پۆلیسی راپەڕین سێ کەسی لە رفێنەرەکان دەستگیر كردو رفێندراوەكەش ئازاد كرا.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە کوردستان24ی راگەیاند "رفێنەرەکان چوارکەس بوون چەکیان بۆ هەڕەشەکردن و رفاندنی کەسی رفێدنراو بەکارهێناوە. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم توانراوە سێ کەس لە رفێنەرەکان دەستگیر بکەین و یەکێکیشیان رایکردووە".

ئاماژەی بەوەکرد "بەوتەی تۆمەتباران قەرزیان لای ئەو هاووڵاتییە بووە و نەیداوەتەوە، بۆیە پەنایان بۆ رفاندنی بردووە".

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاند "بەپێی مادەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی و بەفەرمانی دادوەر ئەو کەسانە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت".