لیژنه‌ی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه و به‌رگری عێراق كۆبوونه‌وه
باس له چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش له ناوچه جێناكۆكه‌كان كرا
K24- هەولێر:
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێک بڵاویکردەوە، شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر داوای لایەنی عێراقی سەردانی بەغدایان کرد، باس لە ناوەندەکانی هەماهەنگی هاوبەش کرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکە، باس له چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش له ناوچه جێناكۆكه‌كان كرا به‌تایبه‌ت كه ئێستا مه‌ترسیه‌كانی تیرۆریستانی داعش زیادیكردووه و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچەكانی مادده‌ی 140 هەیە.
دەقی راگەیەندراوکە:
شانده‌كه پێکهاتبوون له هه‌ریه‌ك له فەریق جەمال محه‌مه‌د ئێمنکی، سه‌رۆكی ئه‌ركان و، فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەک له ئەفسەرانی باڵای وه‌زاره‌ت.
دوای گه‌یشتنیان بۆ به‌غدا، شاندی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ شاندی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کۆبوونەوە.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ کرا لەبارەی کاراکردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی كاری هاوبەش و ناوه‌نده‌كانی هه‌ماهەنگی هاوبه‌ش كه پێشتر له نێوان هەردوولادا هه‌بوون. هەروەها باس له چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش له ناوچه جێناكۆكه‌كان كرا به‌تایبه‌ت كه ئێستا مه‌ترسیه‌كانی تیرۆریستانی داعش زیایكردووهو هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچەكانی مادده‌ی 140.
هه‌رله‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی دیدار‌و کۆبوونەوەکان و وا بڕیاریشه له کۆتایی ئەم مانگە شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بکات.
راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه
2ی ته‌مموزی 2020