بەشێکی زۆری پارەی خۆراکی سوپای ئەمەریکا دیار نەماوە

بەشێکی زۆری پارەی تایبەت بە خۆراکی سەربازانی سوپای ئەمەریکا دیار نەماوە و نازانرێت لە چیدا خەرج کراوە. کۆنگرێسمانێکیش داوای لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیەکی تایبەت دەکات.
ماڵپەری "میلیتەری دۆت کۆم" کە تایبەتە بە هەواڵەکانی سوپای ئەمەریکا, لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە "ساڵی ڕابردوو، لە کۆی 225 ملیۆن دۆلار کە بۆ خۆراکی ڕۆژانەی سەربازانی ئەمەریکی خەرج کرابوو، زیاتر لە 151 ملیۆن دۆلار دیار نەماوە."
تاوەکوو ئێستە نازانرێت ئەو بڕە پارە بۆچی خەرج کراوە؟ بەڵام فەرماندەیەکی سەربازیی باڵای ئەمەریکا کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بەو ماڵپەڕەی ڕاگەیاندووە "ئەو پارە کە بۆ خۆراکی سوپای ئەمەریکا تەرخان کرابوو، لە شوێنی دیکە خەرج کراوە."
جیل تۆکودا، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە بازنەی هاوایی، ڕایگەیاند "پێویستە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیەکی ورد لە دیارنەمانی ئەو پارەیە بکرێت. نابێت لە ڕێگەی دزینی پارەی خواردنی سەربازەکانمانەوە ئامادەیی سەربازیی بە دەست بهێنین."
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکەی ئەو ماڵپەڕە، ئێستە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا وەکوو پێشتر بایەخ بە خواردنی ڕۆژانەی سەربازان نادەن؛ بۆ پاشەکەوتی پارە، بڕی خواردنیان کەم کردووەتەوە و بەشێکی دیکەی بنکەکانیش لە دەرەوە خواردن دەکڕن، کە ڕێژەیەکی کەمی پرۆتین و زۆر شەکریان تێدایە.
وەکوو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، کۆتایی ساڵی ڕابردوو، بنکەی سەربازیی فۆرت کارسۆن لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمەریکا، ڕۆژانە تەنها فاسۆلیا و نانیان داوەتە سەربازەکان و ئەمەش سەربازەکانی نیگەران کردووە.
سەربازانی ئەمەریکا مانگانە، جگە لە مووچەکەیان، نزیکەی 465 دۆلاریش وەکوو "دەرماڵەی ژیان" بۆ کڕینی خواردنی ڕۆژانەی خۆیان وەردەگرن.