نوێنەری ترەمپ لە ئۆکرانیا: ئەورووپا بەشداریی دانوستاندنەکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا ناکات

نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا، لە لێدوانێکدا، ترسی زیاتر خستە دڵی سەرکردەکانی ئەورووپا و گوتی: ئەورووپا ڕۆڵی لە دانوستاندنەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا نابێت، سەرۆکایەتی فەرەنساش سەرکردەکانی ئەرووپا لەو بارەیەوە کۆ دەکاتەوە.
کیس کیلۆگ، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونش ڕایگەیاند "ئەورووپا بەشداریی دانوستاندنەکانی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا ناکات."
نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا، ڕاشیگەیاند "لە دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەمەریکا ڕۆڵی ناوەندگیری دەبێت."
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپش ڕایگەیاند "پێویستە هاوپەیمانانی ناتۆ سەرکردایەتیی ناوچەکە بکەن، چونکە ئەمەریکا سەرنجی لەسەر ئاسایشی سنوورەکان."
هەروەها کیس کیلۆگ، لە وەڵامی پرسیاری ئایا ئەورووپا لە گفتوگۆکانی پرۆسەی ئاشتی بەشدار دەبێت؟ گوتی: پێم وایە ئەو شتە ڕوو نادات، بەڵام بەرژەوەندییەکانیان لەبەرچاو دەگیرێت."
ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئەورووپا لە بەشداریینەکردنی لە دانوستاندنەکان، ترساوە لەوەی کاریگەریی بەسەر سنوورەکانی هەبێت، بە تایبەت لەوانەیە لە بەرژەوەندی ڕووسیا کۆتایی بێت.
هاوکات سەرۆکایەتی فەرەنسا ڕایگەیاند "لە بارەی پرۆسەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا و بەشداریینەکردنی ئەورووپا لە گفتوگۆ کاندا، کۆبوونەوەیەک بۆ سەرکردەکانی ئەورووپا ڕێک دەخات."
ڕادۆسلاو سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەنداش گوتی: ڕۆژی دووشەمە کۆبوونەوەکە دەکرێت.
ئەلێکساندەر ستوب، سەرۆکی فینلەندا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: هەرگیز ناکرێت دانوستاندن لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بکرێت و ئەورووپا بەشداریی تێدا نەکات.
سەرۆکی فینلەندا ئاماژەشی دا "ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە لەگەڵ ئەورووپا وا دەکات زیاتر بەیەکەوە کار بکەین و کەمتر قسە بکەین و زۆرتر کاردانەوەمان هەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و دانوستاندن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، وڵاتانی ئەورووپای حەپەساند.