بارێکی بۆمبی قورسی 'MK-84 'ـی ئەمەریکی گەیشتە ئیسرائیل

یەکشەممە، 16ـی شوباتی 2025، ئیسرائیل گەیشتنی بارێکی بۆمبی قورسی ڕاگەیاند، کە لەلایەن ئیدارەی ئێستای ئەمەریکاوە نێردراوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە سەردەمی ئیدارەی جۆو بایدن بڕیاری ڕاگیرانی درابوو.
یسرایل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ناردنی ئەو بارەی بۆمبی قورسی جۆری MK-84، کە ئەمڕۆ گەیشتە ئیسرائیل، زۆر گرنگە بۆ هێزی ئاسمانی و سوپای ئیسرائیل.
کاتز گوتیشی : ناردنی ئەو بۆمبە گرنگە بۆ هێزەکانی ئاسمانی و سوپای ئیسرائیل، هەروەها سوپاسی ئیدارەی ئەمەریکا دەکەم بۆ پشتگیرییکردنە بەردەوامەکانی لە ئیسرائیل.
ئەو بۆمبە قورسانە کە ناوی MK-84 بە کەشتی گواستراونەتەوە بۆ ئیسرائیل.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل، زیاتر لە 76 هەزار تۆن کەرەستەی سەربازی بە 678 بە هێڵی ئاسمانی و 129 بارییش بەڕێگەی دەریایی گەیشتووەتە ئیسرائیل.
ئەمەش بە گەورەترین پرۆسەی هەناردەکردنی چەک لە مێژووی دەوڵەتی ئیسرائیلدا هەژمار دەکرێت.