قوڵینگی تاجداری ئۆگەندی.. هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە

بە تاجی زێڕین و غەبغەبەی سوور و لاقی ڕەش و باریکییەوە، قوڵینگی تاجداری ئۆگەندیی بووەتە سیمبوڵ و وێنەکەی لەسەر ئاڵای ئەو وڵاتە دانراوە. هەروا زۆرینەی تیپە وەرزشییە نیشتمانییەکانی ئۆگەندا, بەناوی ئەو مەلە بەناوبانگەوەن. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەی ئەو باڵندە ناوازەیە، تا دێ و کەمتر دەبێتەوە. بە گوێرەی بۆچوونی پسپۆڕانی پاراستنی ژینگە، ئەگەر هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی وەگەڕ نەخرێت، ئەوا لەوانەیە ئەو باڵندە جوانە بۆ هەمیشە لەناو بچێت. 

بە گوێرەی یاسای ئۆگەندی، ئەو باڵندە پارێزراوە و هەرکەسێک باڵندەیەکی ئاوها بکوژێت، بە زیندانی هەتاهەتایی یان 5 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی سزا دەدرێت. 

چەندان سەدە لەمەوپێش، ئەفسانە کوڵتوورییەکانی ئۆگەندا بووبوونە مایەی پاراستنی ئەم باڵدارە، چونکە وەک سیمبولی بەختی باش و تەمەندرێژی و دەوڵەمەندیی ناسراوە. 

بە گوێرەی بیروباوەری کۆنینەی ئۆگەندییەکان، ئەگەر کەسێک قوڵینگێکی ئۆگەندی بکوژێت، ئەوا کەسوکارەکەی دەچنە ماڵی بکوژەکە و پرسەی بۆ دەگرن و پاشان دەست دەکەن بە کەڕەنا لێدان تاکوو بکوژەکە دەمرێت، یان شێت دەبێت. 

جیمی موهیبوا، یەکێک لە گەورە پسپۆڕانی پاراستنی ژینگە لە ئۆگەندا، بە بی بی سی ڕاگەیاند " ئەم چیرۆکانە مایەی ترساندنی خەڵکەکەن، لە هەمان کاتدا دەبێت ڕێزی ئەم باڵندە جوانە بگرین و نەیکوژین."