35 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەستگیرکردنی 35 بازرگانی ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاند. 

یەکشەممە، 16-02-2025، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، لە ژمارەیەک چالاکیی چەند هەفتەی ڕابردوو، پاش وەرگرتنی زانیاری و بەدواداچوونی بەردەوام، هەروەها وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە، توانرا 35 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکرێن. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە "ئەو 35 بازرگانە لە شارەکانی هەولێر و دهۆک دەستگیر کراون و ژمارەیەکیان بازرگانی بیانین و کاری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن."

ئاماژە بەوەش دراوە، لەو زنجیرە چالاکییەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە توانیویەتی دەست بەسەر 49 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری (کریستاڵ) و بڕی دوو کیلۆگرام لە جۆری (هیرۆین) بگرێت. 

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان باسی لەوەش کردووە، بەشێکی ئەو چالاکییانە بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکان و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی و بەدواداچوون کراون. 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە دادگا دۆسیەی تاوان بۆ هەموو ئەو تۆمەتبارانە کراوەتەوە و بە پێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.