شاندی دەم پارتی: بۆچوون و پێشنیازەکانی سەرۆک بارزانیمان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی وەرگرتن

یەکشەممە، 16-02-2025، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندەکەیان بۆ ئیمرالی، لەگەڵ سەرۆک بارزانی، لە پیرمام بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوە کراوە، کۆبوونەوەکەی پیرمام، لە چوارچێوەی دیدارەکانی شاندی دەم پارتی بووە لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و نزیکەی کاتژمێرێک و 45 خولەکی خایاندووە.
دەم پارتی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، شاندی دەم پارتی، سەرۆک مەسعود بارزانییان لە پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان ئاگادار کردووەتەوە و بۆچوون و پێشنیارەکانی سەرۆک بارزانییان لەبارەی پرۆسەکە بە هەند وەرگرتووە.
نزیکەی کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 16-02-2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی گەیشتە بارەگای بارزانی و لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان؛ لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە.
شاندەکەی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێک دێت؛ دوێنێ شەممە، 15-02-2025، گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک کۆبوونەوەیان دەبێت.
چاوەڕێ دەکرێت دوای گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان، شاندەکەی دەم پارتی کە دوو جار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان کۆبووەتەوە؛ بۆ جاری سێیەم لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ ئۆجەلان کۆ ببنەوە.