پەرلەمانی بەلجیکا: هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئاسایشەوە بۆ ئەورووپا گرنگە

نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە یەکێتیی ئەورووپا لە گەڵ بەرپرسی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیکا کۆ بووەوە.
د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بە یاوەری شاندێک، سەردانی پەرلەمانی فیدراڵی بەلجیکای کرد و لەگەڵ خاتوو ئیلیس ڤان هۆف، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی فێدراڵیی بەلجیکا و ڕوبین ڤان هاڤەر بێک، ڕاوێژکاری پەرلەمانی فێدرالی بەلجیکا کۆ بوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حکوومەت باسی لە پەیوەندیەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەلجیکا کرد و گوتی: پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی باش دایە.
هەر لەدیدارەکەدا باسی دۆخی ئیستای سیاسی و ئابووری و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی لە هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها پەیوەندیی سیاسیی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی ئەم دواییە بۆ دەست پێ کردنەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم باسێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
ئاژگەیی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی کاریگەرە نەرێنییەکانی ڕاگرتنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە کرد. هەروەها دۆخی سووریا و ڕۆڵی ئەرێیی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا گوتیشی: پرۆژەی گەشەپێدان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە، هەروەها دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشت و گوزار و هێنانی بەرهەمی کوردستانی بۆ بەلجیکا باسێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکەدا کرا، هەروەها دروست کردنی پەیوەندیی لە نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی فیدراڵی بەلجیکا لە دوای پێکهێنانی حکوومەت بە گرنگ وەسف کرا.
لای خۆیەوە خاتوو ئیلیس ڤان هۆف، سەردانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرلەمانی فیدراڵیی بەلجیکا بەرز نرخاند و باسی لە گرنگی هەرێمی کوردستانی لە ڕووی سیاسی وئاسایشەوە بۆ ئەورووپا، کرد. هەروەها داوای کرد پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدرێت.