هاوسەرۆکی دەبەپە: بۆچوونی سەرۆک بارزانی دەربارەی پرۆسەی ئاشتی زۆر گرنگە

کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکانیش (دەبەپە)
کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکانیش (دەبەپە)

هاوسەرۆکی دەبەپە سوپاسی هەڵوێست و پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکات. 

بەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 16-02-2025، شاندێکی دەم پارتی بۆ ئیمرالی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر؛ گەیشتە بارەگای بارزانی و لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە.

کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکانیش (دەبەپە) لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو؛ دواتر پێکەوە چوونە قەڵای مێژوویی هەولێر و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە. 

لەبارەی کۆبوونەوەکەی پیرمام، بایندەر ڕایگەیاند "سڵاو و ڕێز و پەیامی عەبدوڵلا ئۆجەلانمان گەیاندە سەرۆک بارزانی. ئێستە هەوڵ بۆ پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەدرێت و بۆچوون و پێشنیازەکانی سەرۆک بارزانیش بۆ پرۆسەکە زۆر گرنگە."

بە گوتەی هاوسەرۆکی دەبەپە "لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی یارمەتی و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دووپات کردووەتەوە. زۆر سوپاسی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی دەکەین و شانازی پێوە دەکەین."

شاندی دەم پارتی پەیامێکی ئۆجەلانیان گەیاندە سەرۆک بارزانی

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پیرمام، "شاندی ئیمرالی بیروبۆچوونی خۆیان لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە "شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی عەبدوڵلا ئۆجەلانیشیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند."

بارەگای بارزانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو "هەر لەو دیدارەدا، سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لە بایەخی پرۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەر كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەموو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام."

شاندی دەم پارتی: بۆچوون و پێشنیازەکانی سەرۆک بارزانیمان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی وەرگرت

لەلایەکی دیکەوە دەم پارتی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندەکەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە "کۆبوونەوەکەی پیرمام، لە چوارچێوەی دیدارەکانی شاندی دەم پارتی بووە لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و  نزیکەی کاتژمێرێک و 45 خولەکی خایاندووە."

دەم پارتی، ئەوەشی خستووەتە ڕوو، شاندی دەم پارتی، سەرۆک مەسعود بارزانییان لە پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان ئاگادار کردووەتەوە و بۆچوون و پێشنیارەکانی سەرۆک بارزانییان لەبارەی پرۆسەکە بە هەند وەرگرتووە.

هاتنی شاندی دەم پارتی بۆ هەرێمی کوردستان

شاندەکەی دەم پارتی دوێنێ شەممە، 15-02-2025، گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازیی لێ کرا. شاندەکە، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، چەندان کۆبوونەوەی دیکەی گرنگە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات. 

چاوەڕێ دەکرێت دوای گەڕانەوەی بۆ باکووری کوردستان، شاندەکەی دەم پارتی کە دوو جار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان کۆبووەتەوە؛ بۆ جاری سێیەم لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتیی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ ئۆجەلان کۆ ببنەوە.

پێشبینی دەکرێت دوای سێیەمین دیداری نێوان شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی ڤیدیۆیی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاو بکاتەوە و داوا لە چەکدارانی پەکەکە بکات، چەک دابنێن و دەست بە دیالۆگی سیاسی بکەن بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا.