نێچیرڤان بارزانی جه‌خت له هاریکاریی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا ده‌کاته‌وه

سەرۆکایەتیی هەرێم ڕایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی لە هاریکاریی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا کردووەتەوە.
یەکشەممە، 16ـی شوباتی 2025، سەرۆکایەتیی هەرێم ڕایگەیاند، له درێژه‌ی کارنامه‌که‌یدا له ڕۆژی سێیه‌می کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا و وەزارەتی هاوکاریی ئابووریی و گەشەپێدانی ئەڵمانیا کۆ بووه‌وه، کە پێکهاتبوو لە د. نیلس شمید، گوتەبێژی کاروباری دەرەوە و هەماهەنگکاری گرووپ لە لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی (SPD)، ئەندریاس شوارتز، ئەندامی لیژنەی بەرگریی، مێتن هاکڤێردی، ئەندامی لیژنەی بودجە و نیلس ئانین، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاریی ئابووریی و گەشەپێدانی ئەڵمانیا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا جه‌خت له بایەخی بره‌ودان به پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرایه‌وه، هەروەها ده‌رباره‌ی دۆخی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و پێشهاته‌کانی ناوچه‌که، بیروڕایان گۆڕییه‌وه."
هەروەها نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر بایەخی بەهێزکردنی هاوکاریی لەگەڵ ئەڵمانیا کردەوە، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی هێزەکانی پێشمەرگە و پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری.
لاى خۆیانەوە، ئەندامانی شاندەکە، وێڕای ستایشکردنی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکه‌دا، داکۆکی‌یان لە دۆستایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کردەوە، هه‌روه‌ها پابەندیی ئەڵمانیایان بۆ بەردەوامیی پشتگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌ربڕی و ئاماژەیان بە بایەخی فراوانکردنی هاوبەشی لە بوارەکانی گەشەپێدان، ئاسایش و پێویستیی بەردەوامیی هەماهەنگیی هاوبەش کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییه ئەمنییه‌کان.
هەروەها هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و هه‌وڵه‌کانی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، دۆخی ئاوارە و پەنابەران و پێکهاته‌کان لە هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییه‌کانی سووریا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
