نێچیرڤان بارزانی: هیوادارین پەکەکە پێشوازیی لە بانگەوازە چاوەڕوانکراوەی ئۆجەلان بکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوا دەخوازێت بەم زووانە ئۆجەلان بانگەوازێکی ئاشتی بدات و پەکەکەش بەدەمییەوە بچێت. دەشڵێت: پارتی و یەکێتی لە گفتوگۆیەکی جیددیدان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم.
یەکشەممە، 16-02-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە بەشداریی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میۆنشن، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاندی ئیمرالی بۆ هەولێر و چەندان پرسی دیکە کرد.
کۆنفرانسی ئاسایشی میۆنشن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشداریی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میۆنشن، ڕایگەیاند "کۆنفراسەکە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی جیهان و ناوچەکە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان تاوتوێ بکەین."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو "بە خۆشحاڵییەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، چەندان دیداری زۆر گرنگ و بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان هەبووە. هەڵوێست و بۆچوونی هەرێمی کوردستانمان لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکان خسووەتە ڕوو و هی وڵاتانیشمان لەم بارەوە وەرگرتووە."
پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، باسی لەوە کرد "هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لە 'گفتوگۆیەکی جیددیدان' بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تاوەکوو ئێستە چەندان دیدار لەنێوان هەردوولادا کراوە."
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پارتی "دیدارەکانی پێشووی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی، لەبارەی ئەوە بووە، چۆن پێکەوە کار بکەین؟ ئەگەر هەردووکمان هاوبەشین لە حکوومەتێکدا ئەو هاوبەشییە مانای چییە؟ ئەمانە، ئەو بابەتانە بوون کە جێگەی بایەخی هەردووکمان بوون و پێشوەچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە."
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد "هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا ئەو گفتوگۆیانە تەواو بکەین، تاوەکوو لە قۆناغی داهاتوودا، باس لە چۆنییەتی دابەشکردنی پۆستە حکوومەتییەکان لەنێوان پارتی و یەکێتی، پێکهاتە و لایەنەکانی دیکەدا بکرێت."
سەردانی شاندی ئیمرالی بۆ هەرێمی کوردستان
بەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 16-02-2025، شاندێکی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر؛ گەیشتە بارەگای بارزانی و لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بوونەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەینێ دووشەممە، 17-02-2025، لەگەڵ ئەو شاندەی دەم پارتی کۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی دیدارەکانیان لەگەڵ ئۆجەلان و پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکەن.
لەبارەی بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلان، نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست "گوێبیستی بانگەوازێکی ئاشتی لەلایەن بەڕێز عەبدوڵلا ئۆجەلانەوە بین؛ هیوادارین پەکەکەش هەڵوێستی هەبێت و پێشوازیی لە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان بکات."
کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
پاشنيوهڕۆى شەممە، 15-02-2025، لە درێژهى بهرنامهكهيدا له کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا کۆ بووەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی: "مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا زۆر لەمێژ نییە دەست بەکار بووە. لە کۆبوونەوەکەماندا باسمان لە پرسە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکادا کرد و جەختمان لەوە کردەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان دەیانەوێت ببنە فاکتەری سەقامگیریی لە ناوچەکە و ڕۆڵ بگێڕێن تاوەکوو گرژی و ئاڵۆزییەکان پەرە نەسێنن."
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش کرد "وهزيرى دهرهوهى ئهمهريكام بانگهێشت كرد بۆ ڕێوڕهسمى كردنهوهى باڵاخانهى نوێى كونسوڵخانهى گشتيى ئهمهريكا له ههولێر، ئهويش خۆشحاڵيى به بهشداريكردن له ڕێوڕهسمهكهدا نيشان دا."