پێشبینی دەکرێت مانگی داهاتوو نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە

بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، شاندێک لە بەغداوە دێتە هەولێر. وەزیری سامانە سرووشتییەکانیش پێشبینی دەکات، لە سەرەتای مانگی داهاتوو نەوتەکە هەناردە بکرێتەوە. 

کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ، دووشەممە، 17-02-2025، شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق دەگاتە هەولێر و سبەینێ سێشەممە، 18-02-2025، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، لەگەڵیان کۆ دەبینەوە."

کەمال محەممەد ساڵح، ئاماژەی بەوەش کرد "لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق هەمواری یاسای بودجەی عێراقی پەسەند کردووە و بەم زووانە لە ڕۆژنامەی فەرمیی حکوومەتی فیدراڵی (وەقائیع) بڵاو دەکرێتەوە؛ هیچ بەربەستێک لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتەکە نەماوە و ئێمە لە ڕووی تەکنیکییەوە ئامادەین."

ئەو وەزیرە پێشبینیش دەکات، تاوەکوو سەرەتای مانگی ئادار (سێ) هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێ بکات. گوتیشی: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لایەنی سێیەمیش هەیە کە ئەویش تورکیایە، دەبێت بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ ئەوانیش بگەینە ڕێککەوتن و گفتوگۆمان دەبێت.

ڕۆژی یەکشەممەش، 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ماددەی 12ـی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دا.

وردەکاری هەموارەکە ئەم بڕگانە لەخۆ دەگرێت:

1- وەزارەتی دارایی فیدراڵی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە سەروەرییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە قەرەبوو بکاتەوە، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت کە لەلایەن کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ەوە وەردەگیرێت، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی بەپێی بڕگەکانی (ئ) و (ب)ی ئەم بڕگەیە، بەمەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا حیسابی بۆ بکرێت، لەلایەن دەزگایەکی ڕاوێژکاریی تەکنیکیی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی  بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێم دەستنیشانی دەکات، لە ماوەی (60) ڕۆژدا لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە و لە ئەگەری ناکۆکی لە ماوەی ئەو ماوەیەی پێشوودا، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دەستەی ڕاوێژکاریە  دیاری دەکات.

2- ئەو ڕاوێژکارییەی لە بڕگەی پێشوودا ئاماژەی پێ کراوە، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پەسەند دەکرێت و حیسابکردنی قەرەبووی پێشوو دەبێت لەسەر بنەمای تێچووی پێشوو بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلەکانی وەرگیراو بەپێی بڕگەکانی (ئ) و (ب)، لەم بڕگەیە، و وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکوومەتی هەرێم.

3- دەستبەجێ دەست بە گەیاندنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بۆ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەپێی بڕگەی (ئ) و (ب)ی ئەم بڕگەیە و، قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەکرێتەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەشێوەی سولفە بە تێکڕای (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە  دواتر چارەسەر دەكرێت دوای تەواوبونی كاری راوێژكاری تەكنیكی تایبەتمەند كە لەسەرەوە باس كراوە.