هاوسەرۆکی دەبەپە: پرۆسەی نوێی ئاشتی بۆ ئایندەی گەلی کورد زۆر پێویستە

هاوسەرۆکی دەبەپە جەخت دەکاتەوە لەوەی پرۆسەی نوێی ئاشتی بۆ ئایندەی گەلی کورد زۆر پێویست و باش دەبێت. دەشڵێت: گەلی کورد هیوای بە پرۆسەکە هەیە.
بەیانیی ئەمڕۆ، دووشەممە، 17-02-2025، لە هەولێر، شاندێکی دەم پارتی بۆ ئیمرالی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر؛ لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کۆبوونەوەیەکی زۆر باش و برایانەمان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبوو. سڵاو و ڕێزی عەبدوڵلا ئۆجەلانمان گەیاندە نێچیرڤان بارزانی. هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان لە بۆچوون و هەڵوێستی ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی ئاگادار کردەوە."
بە گوتەی هاوسەرۆکی دەبەپە "هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان، نیشتمانییانە بوو و پشتیوانیی تەواوی خۆیشی بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە. زۆر سوپاسی هەڵوێست و پشتیوانییەکەی دەکەین."
کەسکین بایندەر، دووپاتی کردەوە "ئەگەر پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان سەربگرێت و ڕابگەیەنرێت، بۆ ئاییندەی گەلی کورد زۆر پێویست و باش دەبێت." وەکوو خۆی گوتی: گەلی کورد هیوای بە پرۆسەی نوێی ئاشتی هەیە و حزبە کوردییەکانیش لەگەڵ ئەوەدان، پرۆسەکە بەرەوپێش بچێت.
بەیانیی یەکشەممە، 16-02-2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر؛ گەیشتە بارەگای بارزانی و لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی "لە دیدارەكەدا، شاندی ئیمرالی بیروبۆچوونی خۆیان لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە "شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی عەبدوڵلا ئۆجەلانیشیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند." ئەوەشی خستووەتە ڕوو "سەرۆك بارزانی جەختی لە بایەخی پرۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەر كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەموو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام."