فەرماندەیەکی کوردی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق سزا درا و موختاری گوندێکیش دەستی لە کار کێشایەوە

وێنەی؛ عەقید ڕێبەر شکور مزووری و محەممەد ئیسماعیل
وێنەی؛ عەقید ڕێبەر شکور مزووری و محەممەد ئیسماعیل

بەهۆی مامەڵکردنێکی باش لە گەڵ جووتیارانی گوندی شناغە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، سزای فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای 32ـی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق لەسنووری سەرگەڕانی دا و موختاری گوندی شەناغەش دەستی لە کار کێشایەوە.

دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، بە پێی زانیارییەکانی هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، عەقید ڕێبەر شکور مزووری، فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای 32ـی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق لەسنووری سەرگەڕان، بەهۆی مامەڵەی کوردانە و ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ جووتیارانی سنووری سەرگەڕان هەیبوو، وەکو سزایەک، بەبڕیاری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بۆ سەربازگەی کەی وەن گوازرایەوە.

محەممەد ئیسماعیل، موختاری گوندی شەناغە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "وەکو هەڵويستێک لەبەرامبەر ئەو زوڵمەی لەجووتیارانی کورد دەکرێت، دەستم لەکار کێشایەوە کە من خاوەنی ئەو زەوییە بم و نەتوانم زەوییەکەم بکڵێم و خەڵکەکە لەو سنوورە نەمێنێت، مانەوەم وەک موختار هیچ مانایەکی نییە، ئەوەش هۆی دەستلەکار کێشانەوەکەمە."

دەشڵێت: هیچ بەرپرسێکی کورد نایەتە سەرهێل ئەو گرفتەی ئێمە چارە کات، زۆر هاوارمان کرد، ڕێگەمان گرت، بەڵام نەهاتن بە دەم داواکەمانەوە، ئیتر منیش ئامادە نیم لەبەر چاوم زوڵم لە خەڵک بکرێت و بێ دەنگ بم، هەرچەندە جووتیارەکان ناڕازیشن، بەڵام بارودۆخی سنوورەکە زۆر خراپە، خەڵکەکەش بڕیاریان داوە ئیتر بار بکەن و گوندەکە چۆڵ بکەن. 

ڕۆژی یەکشەممە، 16ـی شوباتی 2025، محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەفسەرێکی سوپای عێراق هاتە لای من گوتی نابێت زەوییەکەت بکێڵیت. منیش گوتم دەیکەم، لەبەر ئەوەی ئێمە پشت ئەستوورین بە بڕیارەکانی پەرلەمان، کە دادگا و سەرۆک کۆماریش پەسەندیان کردووە."

ئاماژەی بەوەش دا بوو "ئەو عەرەبانەی ئێرە هەمووی بە پێی ماددەی 140ـن پارەیان وەرگرتووە، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نەماوە، پێش شەش مانگ، ئێمە ڕێککەوتنمان کردووە، کە پارێزگاری کۆن و ئەندامانی پەرلەمان لە کۆبوونەوەکەمان ئامادە بوون، بڕیارمان دا شەش مانگ بوەستین تاوەکوو قەرەبوو وەردەگرنەوە، ئیستە قەرەبووەکەیان بۆ دەرچووە، ئێمەش مافی خۆمانە زەوییەکانمان بکێڵین، چونکە بەڕاستی ئێمە ستەممان لێ دەکرێت." 

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان باسی لەوەش کردبوو "ئێمە سەر بە فیرقەی هەشتین، ئەوە سێ ساڵە ستەمێکی گەورەمان لێ دەکەن، چونکە 25 گوندمان سەر بە فیرقەی چواردەیە ئەوان هیچ دەستوەردان ناکەن."

گوتبووشی: "ئەو سوپایەی لێرە بوون ئاژاوەیان دروست دەکرد، پارێزگاری پێشوو پاڵپشتیانی دەکرد، ئێستەش پێم وایە هەر ئەو پشتگیرییان دەکات، چونکە بەشێکیان ماددەی 140یان وەرگرتووە، هەندێکیشیان ساختەیان کردووە، کە بەبەڵگە لەبەر دەستمە، بۆیە ئەگەر ئەمانە نەمینێن کیشە نامینێت."