ههنگاوێكی كازمی ئهگهرهكانی شهڕی چهكداری بههێزتر دهكات
"هێزهكانی نزیك له ئێران دهستیان بهسهر داهاتی دهروازه سنوورییهكاندا گرتووه"
K24- ههولێر:
دوای هەوڵەکانی مستهفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان، بۆ ئەوەی لە لایەن هێزەکانی دژە تیرۆرەوە بەڕێوەببرێت، لایەنە سیاسییەکان هۆشداری لە پێکدادانی راستەوخۆ دەدەن.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نوێترین کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەیانەوێت هێز و دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بسەپێنن، و سەرۆکوەزیرانیش لە کۆوبوونەوەی بەردەوامدایە، بۆ ئەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بکەونە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، کە بەهۆیهوە ساڵانە ملیاران دۆلار زیان بە دەوڵەت دەکەوێت و داهاتەکەی لە لایەن ئەو هێزانەی دەروازەکان بەڕێوەدەبەن، قۆرخکراوە.
بەرپرسێکی عێراقی بە عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، کازمی بەرپرسیارێتی دەروازە و بەندەرەکانی بەسرەی بە دەزگای دژە تیرۆری عێراق سپاردووە، کە یەکەیهکی تایبەتی سەر بە دەزگای زانیاری وەزارەتی ناوخۆیه.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، چەندین جار لە رێگەی نووسراوی فەرمیەوە داوای لە کازمی کردووە، بۆ رێکخستنەوە پێویستە هێز رەوانەی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران بکات، کەرۆژانه دوای كاتژمێر 4:00ی ئێوارە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا نامێنن.
ئەو بەرپرسە دەشڵێت: رەوانەکردنی هێز ئەگەرەکانی پێکدادانی راستەوخۆ لە نیوان هێزە سیاسەییەکان و چهكدارانی ئهو گروپانه زیاتر دەکات، کە چەندین ساڵە دەستیان بەسەر داهاتەکەیدا گرتووە. هاوکات ئاماژە بەوەش دەدات، رێکخستنەوەی دەروازەکان هاوردەکردنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، سەرەڕای هەڵاتنی ئەو تۆمەتبارانەی تۆمەتی تیرۆر و تاوان و گەندەڵی داراییان لەسەرە. جهختیش دهكاتهوه، زانیاری هەیە لە دەروازەکانەوە ئاڵوگۆڕی چەك و کەلوپەلی سەربازی دەکرێت.
قهبارهی ساڵانهی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان زیاتر لە 50 ملیار دۆلارە، کە دەبێت داهاتی پێناسی گومرگی هەناردە و هاوردە 6 ملیار دۆلار بێت، بەڵام بە گوتەی بەرپرسان و پەرلەمانتاران، لە باشترین دۆخدا داهاتی دەروازە سنوورییەکان ناگاتە 600 ملیۆن دۆلار.
عێراق خاوەنی زیاتر لە 22 دەروازەی وشکانییە لەگەڵ ئێران، تورکیا، ئوردن،سووریا و کوێت، هەروەها تاوەکو ئێستا دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ سعوودیە به داخراوی ماونهتهوه، سەرەڕای چەندین بەندەری ئاوی لە بەسرا، کە بەم دواییە فراوانکراون، بە تایبەت بەندەرەکانی ئوم قەسر و عەمیق و ئەبو فلوس.
H.B