سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا: ڤلۆدیمێر زێلێنسکی دەچێتە سعوودیە

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی سعوودیە دەکات.
دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، سێرگی نیکیفۆرۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، زێلێنسکی و هاوسەرەکەی ڕۆژی چوارشەممە، بەسەردانێکی فەرمی دەچێتە سعوودیە.
زێلینسکی، هەفتەی ڕابردوو سەردانەکەی ڕاگەیاندبوو بەڵام وادەکەی دیاری نەکردبوو، سێرگی نیکیفۆرۆڤ، ئاماژەی بەوەش کردووە "سەرۆکی ئۆکرانیا پلانی نییە لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمریکا کۆ ببێتەوە."
میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە، بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە سعوودیە کۆدەبنەوە بۆ ئامادەکاری کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کە لەکۆتایی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت.
دۆنالد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، ئەو دانووستانە ڕەنگە زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیاش لە خۆ بگرێت، چونکە ڕووسیا و ئۆکرانیا، دەیانەوێت بە خێرایی کۆتایی بەو ململانێیە بهێنن.