وەزیری دەرەوەی ڕووسیا: ئەورووپا جەنگی دەوێت

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا نایەوێت ئەورووپا بەشداریی دانوستاندنەکان لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیادا بکات و دەڵێت، هەڵوێستی ئەورووپا ئاشکرایە کە جەنگیان دەوێت.

دووشەممە 17ی شوبات 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتی: پێشتر، چەندین جار، وڵاتانی ئەورووپا دەرفەتیان هەبوو کە دانوستاندن لە بارەی جەنگەوە بکەن، نازانم ئەگەر ئێستە بەشداریی دانوستاندن بکەن دەتوانن چی پێشکەش بکەن، لە کاتێکدا هەڵوێستی ئەوان ئاشکراییە کە جەنگیان دەوێت.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند "خۆ ئەگەر وڵاتانی ئەورووپا بیانەوێت جەنگەکەمان لەگەڵ ئۆکرانیا بەردەوام بێت، بۆچی دەیانەوێت بەشداریی دانوستاندنەکان بکەن؟"

ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەردانی ڕیازی پایتەخت سعوودیە بکات و لەبارەی دانوستاندن لەسەر جەنگی ئۆکرانیا لەگەڵ شاندی ئەمەریکا کۆ ببێتەوە.