بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ سێ کەس گیانیان لەدەستدا

دوو کەسیش بە سەختی بریندارن

K24- چۆمان:

محەمەد ئەحمەد، ئێشکگری کارگێڕی لە نەخۆشخانەی چۆمان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمۆبێلێک لە گوندی وێزەی سەر بە قەزای چۆمان سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دووکەسی دیکەش برینداربوون.

راشیگەیاند، هەموویان ئەندامی یەک خێزانن و هەریەک لە ئامینە محەمەد سلێمان، دانەر عومەر مستەفا و حەلیمە حەسەن خدر گیانیان لەدەستداوە؛ هەروەها هەریەک لە مستەفا حسێن محەمەد و عائیشە مستەفا بەسەختی برینداربوون.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای چارەسەری سەرەتایی و خێرا بریندارەکان ڕەوانەی سۆران کراون و لەوێشەوە دەنێردرێنە هەولێر، ئەو خێزانە دانیشتووی قەزای چۆمانن و ئەو دوو ئافرەتەی گیانیان لەدەستداوە هاوسەری مستەفا حسێنن و خۆشی بریندارە.

H.J