پێشنوێژ و گوتاربێژی گوندی شەناغە: غەزا هاتووەتە بەر دەرگەی ماڵمان

مامۆستا سابیر حەسەن، پێشنوێژ و گوتاربێژی گوندی شەناغە
مامۆستا سابیر حەسەن، پێشنوێژ و گوتاربێژی گوندی شەناغە

پێشنوێژ و گوتاربێژی گوندی شەناغە دەڵێت: دەمانەوێ لەسەر خاکی خۆمان شەهید بین، غەزا هاتووەتە بەر دەرگەی ماڵمان، تانک بەسەر لاشەماندا بڕوات، ئەو خاکە بەجێناهێڵین.

دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، مامۆستا سابیر حەسەن، پێشنوێژ و گوتاربێژی گوندی شەناغە لەبارەی ڕێگرییەکانی سووپای عێراق لە جووتیارانی کورد لە گوندەکەیان بۆ ئەوەی زەوییەکانیان بکێڵن، بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو ڕێگرییانەی سووپای عێراق لەوە سەرچاوەی گرتووە(پێت دەوەستم و ڕاناوەستم)، نەوەک هیچ بەڵگەیەکیان لەدەست نییە بتوانن ڕێگریی لە جووتیارانی کورد بکەن، دەشڵێت: ئێمە قەت ناچینە ژێر باری ئەو ڕێگرییانە و واز لە خاکی خۆمان ناهێنین، ئەگەر تانک بەسەر لاشەمان تێپەڕێت، ئێمە ئەو خاکە بەجێناهێڵین، ئەو خاکە موڵکی خۆمانە و با لەسەری شەهید بین.

ئەو مامۆستا ئاینییە گوتی: ئێمە بانگەشەی ئەوە دەکەین حەزمان لێیە شەهادەت بەدەست بێنین، ئەوە غەزا لەبەر دەرگای ماڵەکانمانە، لەسەر خاکی خۆمان شەهید دەبین و باکیشمان پێی نییە.

سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوییە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی کورد, کەچی چەند ڕۆژێکە سوپای عێراق هەر بەردەوامە لە ڕێگریی لە جووتیارانی کورد کە زەوییەکانیان نەكێڵن لە کاتێکدا وەرزی تۆدانە. ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی فشارە سیاسییەکانەوە، عەقید ڕێبەر شکور مزووری، فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای 32ـی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق لە سنووری سەرگەڕان، لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.