نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەکە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت: پەیوەندی بەهێز و هاوسەنگی نێوانمان بۆ سەقامگیری ناوچەکە زۆر پێویستە.

دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ مەجید تەختڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، ڕایگەیاند: پەیوەندی مێژوویی ئێران و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە.

هاوکات، جەختی لە گرنگی پەیوەندی مێژوویی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: پەیوەندی بەهێز و هاوسەنگ لەنێوان هەرێمەکە و ئێران بۆ سەقامگیریی ناوچەکە زۆر پێویست و گرنگە.

نێچیرڤان بارزانی، دووپاتی دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان فاکتەری ئارامی و سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەکە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ  سەر وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەت ئێران.

گوتیشی: لە دیدارمان لەگەڵ مەجید تەختڕەوانچی، جەختمان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ئێران کردەوە.