هێزەکانی ئێران دەستڕێژی گوللە لە شوانێک دەکەن
زانیار زیاتر
K24 ـ چۆمان:
هێزەکانی سنورپارێزی ئێران تەقە لە مەڕدارەکانی کوێستانی گوندی وێزەی سەر بە قەزای چۆمان دەکەن و شوانێک بەسەختی بریندار دەکەن.
کوردستان24 زانیویەتی، لەدوای بەهانەوەچوونی کەسوکار و خەڵکی گوندی وێزە، بریندارەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی چۆمان.
لەوبارەوە، محمد ئەحمەد، ئێشکگری کارگێڕی لەنەخۆشخانەی چۆمان بەکوردستان24ی راگەیاند: "کاتژمێر شەشی ئێوارە کەسێک بەناوی هەڵوێست ئیسماعیل مەلا تەمەن پازدەساڵان برینداری گەیێنرایە نەخۆشخانەو دەرکەوت گوللەیەک بەرقاچی ڕاستی کەوتووە و بەهۆی ئەوەی خوێنی زۆری لێ ڕۆیشتووە باری تەندروستی ناجێگیرە ".
راشیگەیاند: "گوللەکە بەر ئێسکی نەکەوتووە بۆیە مەترسی لەسەر ژیانی زۆر نییە، ئێستا لەنەخۆشخانەی چۆمان چارەسەری بۆ دەکرێت".
ئەو شوانە خەڵکی ناحیەی سیتکان سەر بە ئیدارەی راپەڕینە و ئاژەڵدارە و ساڵانە بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیان لە وەرزەی هاوین، دێنە کوێستانەکانی باڵەکایەتی.
ماوەی چوار رۆژە هێزەکانی سنوورپارێزی ئێران، تەقە لە رەوەند و کۆچەرەکانی ئەو دەڤەرە لە نێوخاکی هەرێمی کوردستان دەکەن.