مەجید تەختڕەوانچی: گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو

جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، ڕایگەیاند: لەگەڵ هەرێمی کوردستان خاڵی هاوبەشی زۆرمان هەیە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان پەرە پێ بدەین.
دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، مەجید تەختڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتی: زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ ئەم شانازییەم پێدرا لە خزمەت هاوڕێیانم بم لە هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ لە هەولێر گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبوو، هەروەها زۆر سوپاسی میوانداری حکوومەتی هەرێم دەکەم، زۆر گفتوگۆی بنیادنەرانەمان لەگەڵ یەکدی هەبووە.
جەختی لەوە کردەوە، لەگەڵ هەرێمی کوردستان خاڵی هاوبەشی زۆریان پێکەوە هەیە و ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان پەرە پێ بدەن.
جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەماهەنگییمان هەیە و جەختیش لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانمان دەکەینەوە".
هاوکات گوتیشی: تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانمان لە هەولێر، گفتوگۆکردن بوو لەسەر پرسی ئەمنی، هەروەها ئاساشی هەرێمی کوردستان ئاسایشی ئێمەیە، پێویستە هەمیشە پێکەوە هەماهەنگ بین بۆ ئەوەی بەرەنگاریی ئاڵنگارییەکان ببینەوە.