جووتیارە کوردەکەی شەناغە کە ملپێچەکەیان لە ملی ڕاکێشا سکاڵا تۆمار دەکات

جووتیارە کوردەکەی گوندی شەناغە کە ڕووبەڕووی سووپای عێراقی بووەو تراکتۆرەکەی نەدایە دەست سەربازانی سووپای عێراق، لە دیمەنەکانی کوردستان24 دەرکەوت، سەربازێکی عێراق ملپێج ملی ڕادەکێشێت و دەیەوێت بە هێزی ڕاکێشانی ملپێچەکەی لەسەر تراکتۆرەکەی بیهێنێتە خوارەوە، بەڵام بەهێزەوە ڕووبەڕووی سەربازەکە دەوەستێتەوە و لەسەر تراکتۆرەکەی ناێتە خوارەوە.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە گوندی شەناغە، لەگەڵ ئەو جووتیارە کوردە دوا کە ناوی "محەممەد ئەمین"ە و جووتیارەکە دەڵێت: چەند ڕۆژێکە تەندروستیم باش نییە، بەڵام کە زانیم بارودۆخی گوندی شەناغە وایە، هاتمە گوند و بینیم سەربازێکی سووپای عێراق هەوڵدەدات تراکتۆری جووتیارێکی کورد ببات، بۆیە زوو چوومە سەر تراکتۆرەکە و لە دەستی جووتیارە کوردەکەم وەرگرت، هەر لەبەر ئەوە زۆر بە ناشرینی سەربازەکەی سووپای عێراق پەلاماری دام و ملپێچەکەی ڕاکێشام و مەترسی کەوتە سەر ژیانم، لەسەر ئەو کارە نایاساییە،  سبەینێ سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو سەربازە تۆمار دەکەم و چاوەڕێی ڕێکاریی یاسایی دەکەم دژی بگیرێتە بەر، دەپرسم چۆن ئەندامێکی سووپای سەربازیی دەتوانێت پەلاماری هاووڵاتییەک بدات.

دەشڵێت: ئەو خاک و گوندانە هی خۆمانە، سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەندین ساڵ ئاوارە و دەربەدەر بووین و حکوومەتی بەعس بەزەبری هێز دەری کردین، دوای 2003 گەڕاینەوە ناوچەکەی خۆمان و ئومێدمان وابوو ئەو کێشانە چارەسەر بن و بچینەوە سەر زەوییەکانی خۆمان، لە حکوومەتی نوێش بە هەمان هێزی سەربازی دەیانەوێت دیسان ڕێگریمان لێبکەن و نەبینەوە خاوەنی ئەو زەویانەی خۆمان.

محەممەد ئەمین، دەڵێت: ساڵی 1986 بە سزای لە سێدارەدان حوکمدراوم، دوو ساڵ زیندانی سیاسیی بووم لەسەردەمی بەعسدا، ئێستا چۆن دەستبەرداری خاکەکەم دەبم، من ئەو کاتە سڵم لە ڕژێمی بەعس نەکردووەتەوە، لەو سەردەمە چۆن دەستبەرداری خاکەکەم دەبم.

گوتیشی: ئێمە هەموو جووتیارانی ناوچەکە بڕیارمانداوە بە یەکگرتووی لە بەیانییەوە، بە هەموو تراکتۆرەکانی ناوچەکە دەستبەکار دەکەین و ئامادەشین هەرچی ڕووبەڕوومان بێتەوە، ڕووبەڕووی دەبینەوە، بەڵام دەمانەوێت پرسەکە بەشێوەیەکی یاسایی و ئیداری یەکلایی بێتەوە و بەرپرسان بێن چارەسەرێکی یاسایی ئەو دۆخە بکەن و ڕێگەمان پێبدەن بەشێوەیەکی ئاسایی کاری خۆمان بکەین.