دوای گەیاندنی دەنگی جووتیاران, سوپای عێراق ڕووماڵی کوردستان24 قەدەغە دەکات

سەربازێکی عێراقی ملپێچی جووتیارێکی کورد ڕادەکێشێت (وێنە: کوردستان24)
سەربازێکی عێراقی ملپێچی جووتیارێکی کورد ڕادەکێشێت (وێنە: کوردستان24)

دوای ئەو ڕووماڵە گەورەیەی بۆ ناڕەزایەتیی جووتیارانی گوندی شەناغە کرد، سوپای عێراق ڕووماڵی کوردستان24 قەدەغە دەکات.

ڕووداوەکەی شەناغە و ڕووماڵەکەی کوردستان24

 دووشەممە، 17-02-2025، هەردوو پەیامنێری کوردستان24، هێمن دەلۆ و سۆران کامەران و کامێرامانەکانیان، وەکوو هەموو جارێک، پێش هەموو کەناڵەکانی دیکە، ڕووماڵێکی گەورەی ناڕەزایەتیی جووتیارانی کوردی گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕانی کەرکووک و هێرش و پەلاماری سوپای عێراق بۆ سەر ئەو جووتیارانە کرد؛ وێنە و ڤیدیۆکانی کوردستان24 لەبارەی ڕووماڵەکە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان تەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان هێنایە دەنگ. 

یەکێک لەو ڤیدیۆیانەی کوردستان24 کە بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان لەلایەن کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و دەزگا میدیاییەکانی دیکەی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە، ئەوە بوو، کاتێک سەربازێکی سوپای عێراق، ملپێچی جووتیارێکی ئەو گوندەی ڕاکێشا و دەیویست جووتیارەکە بەو ملپێچەوە لەسەر تراکتۆرێک بهێنێتە خوارەوە، بەڵام جووتیارە کوردەکە ڕەتی کردەوە و گوتی: بشمرم، لەسەر تراکتۆرەکە نایەمە خوارەوە! 

 

 

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا بوو، سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوییە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی کورد، دوێنێ دووشەممە، سوپای عێراق لە گوندی شەناغەی سنووری کەرکووک، ڕێگرییان لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد کرد و پەلامار و ئازاری جووتیارانیان دا؛ جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا. 

سوپای عێراق ڕووماڵی کوردستان24 قەدەغە دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە، 18-02-2025، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 کە شەوی ڕابردوو، بەخۆی و کامێرامانەکەییەوە، لە گوندەکە ماونەتەوە و لە ڕووماڵکردنی ڕووادوەکە بەردەوام بوون، ڕایگەیاند "گوندی شەناغە بە هێزێکی زۆری سوپای عێراق دەوردراوە و خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. هاوکات بازگەکانی هاتن بۆ گوندەکە، زۆر توندوتۆڵ کراون."

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد "بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزێکی سوپای عێراق هاتە لامان، بە ئێمەیان گوت: لەبەر ڕووماڵەکەی دوێنێی کوردستان24 و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی جووتیاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، فەرمانمان پێ کراوە، ڕووماڵی کەناڵەکەتان قەدەغە بکەین.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد "ئێمە ئەوەمان ڕەت کردەوە و بەو هێزەی سوپای عێراقمان گوت: ئێمە فەرمان لە ئێوە وەرناگرین و کوردستان24 وەکوو هەر جار لە گەیاندنی دەنگی حەق و ناڕازی جووتیارانی کوردی کەرکووک بەردەوام دەبێت."

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

 

مۆڵه‌تی 48 كاتژمێریان داوەتە سوپای عێراق

جووتیارێکی گوندی شەناغە بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سوپای عێراق، سوپایەکی شۆڤێنییە، پابەندی هیچ یاسا و ڕێککەوتنێک نابێت. ئێمەش مۆڵەتی 48 کاتژمێرمان بە سوپا داوە تاوەکوو گوندەکەمان بەجێ بهێڵێت، ئەگەر تاوەکوو ڕۆژی پێنجشەممە، 20-02-2025، لە ڕێگریی بەردەوام بوون، زەوییەکانمان دەکێڵین، ئەگەر خوێنمان لەسەر داناوە."

 

 

"بەس بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دڵخۆشین"

جووتیارێکی دیکەی گوندی شەناغە بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە دوێنێ دووشەممەوە، 17-02-2025، پەیام و پاڵپشتییەکی زۆرمان بۆ هاتووە، بەڵام ڕاستییەکەی بەس دڵمان بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی خۆشە، چونکە بە ڕاستی پشتگیرییەکی زۆر گەورە بوو."

ئەو جووتیارە کوردەی گوندی شەناغە داوای گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەشی بۆ سنووری کەرکووک کرد و گوتی: "ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە سنوورەکەمان، هەموو ڕۆژێک حاڵمان بە دەستی سوپای عێراق ئاوا دەبێت و تەنانەت خراپتریش دەبێت."

هەڵوێستی 'مام سابیر' لەبارەی ڕووداوەکەی شەناغە

مام سابیر، سیمبۆل و جووتیارە دیارەکەی گوندی پەلکانەی کەرکووک، بە چاوی پڕگریانەوە بە سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "زۆر نەخۆش کەوتووم، ئاگاداری ڕووداوەکەی دوێنێی گوندی شەناغە بووم و لە دڵەوە دەمویست بچمە گوندەکە، بەڵام باری تەندروستیم ڕێگەی پێ نەدام. کاتێک جووتیارەکانم بینی، ڕووبەڕی سوپا دەبوونەوە، لە دڵمەوە پێم دەگوتن بە قوربانتان بم، هەر بژین."

ڕۆژی سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەر سێ پرۆژە یاسای (باری کەسی، گەڕاندنەوەی موڵک و زەوی بۆ خاوەنەکانیان و هەموواری دووەمی لێبووردنی گشتی) دا و پەسەندی کردن. 

مام سابیر ئاماژەی بەوەش کرد "داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەم کار بۆ جێبەجێکردنی یاساکە بکات، چونکە حکوومەتی عێراق هەر ڕۆژەو بیانوویەک دەهێنێتەوە، تاوەکوو کار بە یاساکە نەکات."

 

 

 

سەرۆک بارزانی: دیمەنی ئازاردانی جووتیارانی کورد ئەنفال و کیمیابارانمان بەبیر دەهێنێتەوە

دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "دیمەنی ئازاردانی جووتیارانی كورد و ڕەفتاری نابەجێی ڕێگریكردن لە جووتیارانی كورد كە بچنەوە سەر زەوییەكانیان، دیمەنی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە سەددەی پێشوو بەبیر دەهێنێتەوە."

 

سەرۆک بارزانی باسی لەوەش کرد "ڕەفتارێكی شۆڤینیانە و بێویژدانانە لە دژی جووتیارە بێتاوانەكانی كورد لە پارێزگای كەركووك دەكرێت، كە تەنیا تاوانیان ئەوەیە كوردن و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەكانیانن."  هاوکات داوایەکی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و گوتی: "ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵمە بكرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بكرێن و سزا یاسایی خۆیان وەربگرن."

 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان : ڕه‌فتاری سوپای عێراق مايه‌ى قبووڵكردن نييه‌
 دڵشاد شەهاب، گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان لەبارەی ڕووداوەکەی گوندی شەناغە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕاگه‌ياند: "ئه‌و ڕه‌فتاره‌ به‌ ته‌واوى ڕه‌تكراوه‌يه‌ و مايه‌ى قبووڵكردن نييه‌، سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له ‌نزيكه‌وه‌ به‌دواى بابه‌ته‌كه‌دا چووه‌ و داواى له‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان كردووە ڕێكارى پێويست به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و كاره‌ بگرنه‌ به‌ر و ڕێگا له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى بگرن."

گوتەبێژی سه‌رۆكايه‌تىی هەرێمی کوردستان گوتىشی: "ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ زيان به‌ پێكه‌وه‌ژيان و ئاشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌گه‌يه‌نن و ده‌بێ هه‌موو لايه‌ك ئه‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ و ڕه‌فتارانه‌ ڕه‌ت بكه‌نه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتى ئه‌نجامده‌رانى بكه‌ن و ڕووبه‌ڕووى سزاى ياسايييان بكه‌نه‌وه‌."

مەسرور بارزانی: ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق پێچەوانەی دەستوورە
 نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاند "ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە."

 

ئاماژە بەوە دراوە "ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، بەرەوپێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەلکی ڕەسەنی ناوچەکە. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش، مانگی ڕابردوو ، پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پەسەند کرد."