رۆژنامەنووسانی کوردستان و فەرەنسا کاری هاوبەش بۆ ڕێکخستنەوەی میدیا دەکەن

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و سەندیکای نیشتمانیی رۆژنامەنووسانی فەرەنسا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم شێوازی نوێی کاری میدیایی کرد، لە یادی ڕۆژنامەگەری کوردیشدا بە هاوبەشی چەند چالاکییەک لە هەولێر بەڕێوەدەبەن.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان کە بژار حەکیم، جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسان و هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکاکە یاوەری بوون، لەگەڵ ئەنتوان شوزیڤیل و ئەنیێس بریانسۆ، هاوسکرتێری سەندیکای نیشتمانیی رۆژنامەنووسانی فەرەنسا کۆبوونەوە.
وەک سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی میدیا بە گشتی لە هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کراوە، هەردوو سەندیکا هاوڕابوون بۆ کاری هاوبەش و رێکخستنەوەی میدیا و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم شێوازی نوێی کاری میدیا، بڕیاردرا یادداشتی لێکتێگەیشتن ئامادە بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەنتوان شوزیڤیل، هاوسکرتێری سەندیکای نیشتمانیی رۆژنامەنووسانی فەرەنسا و ئەندامی بۆردی کۆمسیۆنی پێدانی کارتی رۆژنامەنووسانی پرۆفیشناڵی فەرەنسای بانگهێشتی هەولێر کرد، بۆ ئەوەی بەشداربن لە ساڵوەگەڕی یادی رۆژنامەگەریی کوردی.
ئەمساڵ لە یادی رۆژنامەگەریی کوردیدا، ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و سەندیکای نیشتمانیی رۆژنامەنووسانی فەرەنسا، چەند پانێلێک بەیەکەوە لە هەولێر بەناونیشانی (دیدی هاوبەش بۆ رێکخستنی میدیا) رێکدەخەن.