سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای سلێمانی: تکایە بەدەممانەوە وەرن

پێویستیان بە خوێنی جۆری A+ـە

K24 – هەولێر

"ماوەی چوار رۆژە ئەزمەیەکی خوێن دروستبووە و بانکی خوێنی سلێمانی پێیان گوتووم  هەر نەخۆشێکی تالاسیمیا پێویستی بە خوێن بێت، ئەوا ئێستا خوێنمان نییە!".

ئەمە بەشێکی گوتەی کۆچەر کەریم، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای سلێمانی بوو، کە بەیانیی ئەمڕۆ داوای کرد خوێنبەخشان بەهانایانەوە بچن.

لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 کۆچەر کەریم دەڵێ: "بەهۆی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێستا خەڵک کەمتر سەردانی بانکی خوێن دەکەن، بۆیە داوا دەکەین هەرکەسێک دەتوانێت خوێن ببەخشێت، لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی بۆ 12:00ـی نیوەڕۆ سەردانی بانکی خوێن بکات بەمەبەستی خوێنبەخشین".

نزیکەی 1300 کەس لە سلێمانی و دەوروبەری نەخۆشیی تالاسیمیایان هەیە، هەریەکەیان بەپێی جۆری تالاسیمیاکەی، 10 رۆژ جارێک، 14 رۆژ جارێک و هەندێکیشیان 21 رۆژ جارێک پێویستییان بە بوتڵێک خوێن دەبێت، کە لەلایەن پزیشکەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای سلێمانی لە لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە لەوەی ئێستا زۆرتر پێویستیان بە خوێنی جۆریA+ ـە، "بەگشتی رۆژانە پێویستمان بە 30 بۆ 35 بوتڵی خوێنە، ئەوەی ئێستاش زۆر پێویستمانە خوێنی جۆری A+ـە".

کۆچەر کەریم، دەڵێ بەگشتی رەوشی تووشبووانی تالاسیمیا لە کوردستان خراپە، بەهۆی نەبوون یان نەمانی هەندێک چارەسەری گرنگ لە نەخۆشخانەکان، کەمیی کیسی خوێنی چواری و تەنانەت بۆ مووچەش رەوشمان خراپە.

Fly Erbil Advertisment