ھێزە چەكدارەكانی ئێران شوان و ئاژەڵداران دەكەنە ئامانج

.

K24 - چۆمان

ساڵانە لە وەرزی بەھار نزیکەی ھەزار ماڵە رەوەند و ئاژەڵدار، بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیان تا وەرزی پایز دەچنە کوێستانەکانی دەڤەری باڵەکایەتی، بەڵام ھێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رۆژانە دەستڕێژی لە شوانکارەکان دەکەن و لە دواین پێشھاتیشدا شوانکارێکی تەمەن 15 ساڵانە بە گولەی راستەوخۆی پاسدارانی ئێرانی لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستان برینداربوو، ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

حەمەدەمین رەسوڵ، یەكێك لە قوربانییەکی دیکەی دەستڕێژی سنوورپارێزانی ئێرانە لە کوێستانی وێزە، ئەو باسی ئەوە دەکات چەند رۆژێك لەمەوبەر 40 سەر مەڕی بە دەستڕێژی گولـلەی سوپای پاسدارانی ئێران لەناوچوون، دیمەنەكانی ئەو ساتەوەختەشی بە مۆبایلەكەی تۆمار كردووە.

ناوچە كوێستانییەكانی باڵەكایەتی ھاوسنوورە لەگەڵ پیرانشاری رۆھەڵاتی کوردستان لە پارێزگای ورمێ، ساڵانە نزیکەی ھەزار مەردار لە شارو ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان لە وەرزی بەھار رووی تێدەكەن و تا وەرزی پایز دەمێننەوە، وێڕای ناردنی ھێزی زیاتر بۆ سنوورەکان و دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری قەڵای سەربازی، زۆرجار ھێزەکانی ئیران لە خاڵەکانی چاودێری لەسەر سنوور یان دێنە قوڵایی خاکی ھەرێم و دەستڕێژی لەرەوەند و کۆچەرەکان دەکەن.