دەم پارتی: ئۆجەلان پێشنیازێک بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە سووریا دەخاتە ڕوو
هاوسەرۆکێکی دەم پارتی جەخت دەکاتەوە، بێجگە لە تورکیا، ئۆجەلان لە بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەیدا، پێشنیازێک بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە سووریاش دەخاتە ڕوو.
توڵای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا، دوای کۆبوونەوەکانی شاندی ئیمرالی لە هەرێمی کوردستان، شاندەکەیان بۆ جاری سێیەم دەچێتە ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆدەبێتەوە.
بە گوتەی ئەو هاوسەرۆکەی دەم پارتی، شاندەکەیان بۆچوون و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسان تورکیا و هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی بۆ عەبدوڵلا ئۆجەلان دەخەنە ڕوو.
وەکوو ئەوەی هاتیمئۆغوڵڵاری باسی کرد "بەمزووانە ئۆجەلان بانگەوازێکی دەبێت، ناوەڕۆکەکەی ڕێبازێک دەبێت سەبارەت بە چارەسەری یاسایی و دیموکراسییانەی پرسی کورد، دوور لە ململانێ و توندوتیژی."
هاتیمئۆغوڵڵاری سەرنجی ڕاکێشا بۆ ئەوەی "ڕۆژئاوای کوردستان دەخرێتە نێو ئەو پرۆسەیەی ئۆجەلان دەستپێشخەری بۆ دەکات." ڕاشیگەیاند، پێشنیازی ئۆجەلان بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە سووریا، دانانی دەستوورێکی دیموکراسییە لەو وڵاتە.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستە، یەلماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە بارەی سێیەم سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی بۆ کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕایگەیاند، هیچ داواکارییەکی فەرمییان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش نەکراوە.
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر داواکارییەکی نوێ لەو بارەیەوە هەبێت، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و مۆڵەت بە داواکارییەکە دەدرێت.
شاندەکەی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێک دێت؛ تاوەکوو ئێستە دوو جار لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان کۆبووەتەوە.