قوباد تاڵەبانی: گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتیم بە دڵە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێلێکدا لە سلێمانی ڕایگەیاند: ئەو کێشە و بیانوویانەی هەبوون لەبەردەم نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، نەماون، گوتیشی: گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتیم لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بەدڵە.

شەممە 22ـی شوباتی 2025، لە پانێڵێکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بە ناونیشانی "پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە شاری سلێمانی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کێشە جەوهەرییەکانی پەیوەندییان بە مووچە و بوودجەوە هەیە، بۆ ئەو ساڵ و دوو ساڵەی ماوە، چارەسەر بوونە، ئەوەشی نەشاردەوە کە لە گفتوگۆکانی بوودجەی داهاتوو، ڕەنگە جارێکی دیکە کێشە دروستبێتەوە، ئەگەری ئەوەش هەیە بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.

قوباد تاڵەبانی گوتی: لە دوا سەردان بۆ بەغدا، بە شاندەکانمان گووترابوو، ئەو لیستەی لەمانگی یەکدا نێردرا، دەبێتە بنەما بۆ مووچەی هەموو مانگەکانی ساڵەکە و مانگانە ئەو بڕە پارەیە لە بەغداوە دەنێردرێت.

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو سەرژمێرییەی لە عێراق کرا بە هەرێمی کوردستانەوە، دەریخست خەڵکی هەرێمی کوردستان 12 لەسەدی تەواوی خەڵکی عێراق نییە، بەڵکو لەو ژمارەیە زیاترە، بۆیە پێشبینی دەکەین لە بوودجەی داهاتوو بەشی بوودجەی هەرێم زیاد بکرێت، گوتیشی:کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا تەنها مووچە و بوودجە نییە.

لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتی: گفتوگۆکان بەشێوەیەکی زۆر هێمنانە دەڕۆن بەڕێوە و پرۆسەیەکی هونەرییە، پێویستە لێکتێگەیشتنمان بۆ یەک هەبێت لەگەڵ هاوسۆزی و لە مەترسییەکانی یەکتر تێبگەین، ئەو پرۆسەیەم بە دڵە و هیوادارم هەنگاوی زیاتر بچینە پێشەوە بۆی.