کونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەولێر: دڵخۆشین یەکەمین فڕۆکە لە یۆنانەوە بەبێ وەستان گەیشتە هەولێر

نیکۆلۆس ستێرگیولاس، کونسوڵی گشتی یۆنان لە هەولێر
نیکۆلۆس ستێرگیولاس، کونسوڵی گشتی یۆنان لە هەولێر

کونسوڵی گشتیی یۆنان، لە هەولێر سەبارەت بە یەکەمین گەشتی ڕاستەوخۆ لە نێوان یۆنان و هەولێر ڕایگەیاند، ئەم پردی پەیوەندییەی دروست کراوە خەڵکی هەرێمی کوردستان و یۆنان زیاتر لەیەک نزیک دەکاتەوە.

 نیکۆلۆس ستێرگیولاس، کونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەکەمین فڕۆکە لە ئەسیناوە گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر، ئێمە دڵخۆشین کە یەکەمین فڕۆکە بەبێ وەستان لە یۆنانەوە گەیشتە هەولێر.

ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە لەوە دڵنیاین ئەم پەیوەندییەی دروستمان کردووە لەگەڵ ئەو پردەی بنیاتمان ناوە، خەڵکی هەردوولا لێک نزیکتر دەکاتەوە.

گوتیشی: من دڵنیام لەوەی هاوڕێ کوردەکانمان چێژ لە میوانداری و باشیی کوالێتی گەشتەکانییان بەرەو یۆنان وەردەگرن.

باسی لەوەش کردووە، ئەیجیەن ئێرلاین (AEGEAN Airline) وەک باشترین هێڵی فڕۆکەوانی هەرێمیی لەسەرئاستی ئەورووپا ناوزەند کراوە لەماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا.

ئازەر فاروق، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەم فڕۆکە لە ئەسیناوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کە 97 سەرنشینی هەڵگرتبوو، دواتر فڕۆکەیەک لە هەولێرەوە بە 98 سەرنشینەوە بەرەوە ئەسینا بەڕێکەوت.

ئەحمەد هوشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، هەفتانە، دوو گەشت لە نێوان هەولێر و ئەسینا دەکرێن، گوتیشی: هەوڵ دەدەین گەشتەکان زیاتر بکەین.

تا ئێستا هەرێمی کوردستان گەشتی ڕاستەوخۆی بۆ 21 وڵات هەیە، ئەسینا نزیکترین پایتەختی ئەورووپایە لە هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ یەکشەممە بە فەرمی گەشتی ئاسمانییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.