مەسرور بارزانی: گرنگە حکوومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار پێک بهێنرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-02-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .
ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیاش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە "دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی و فیدراڵیی هەرێم تاوتوێ کرا."
وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "سەرۆکی حکوومەت، سوپاسی باڵیۆزی کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست."
تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لەمبارەوە ئاماژە بەوە کراوە "هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا، لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و درێژەدان بە کارنامەی چاکسازی و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان."