لە دوو رووداوی هاتووچۆدا 5 كەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون

هاتووچۆی هەولێر هۆشداری دەداتە شۆفێران

K24- هەولێر:

ئەمڕۆ لە دوو رووداوی جیاوازی هاتووچۆدا لە سەر رێگای نێوان هەولێر – بەحركە و هەریر - قەندیل 3 كەس گیانیان لەدەستدا و 2ی دیكەش بریندار بوون و زیانێكی ماددی زۆریشیان بەدواوە بوو.

فازل حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی ھاتووچۆی ھەولێر بە كوردستان 24ی راگەیاند، کاتژمێر3ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێگای سەرەکی هەولێر - بەحرکە لەنزیك ئەتکۆنز ئۆتۆمۆبیلێكی بیئێمی تایبەت بەهۆی تیژڕۆییەوە کۆنترۆلی لەدەستدا و خۆی کێشا بەدواوەی ئۆتۆمبیلێكی ئالتیمای تایبەت و دواتریش بەسەر دورگەی ناوەڕاستی شەقام کەوت و خۆی کێشا بەستونێکی کارەبا و چووە ئەودیوی شەقامەكە و خۆی بە ئۆتۆمبیلێكی تایبەت لە جۆری تۆیۆتا کرۆلا کێشا کە لەسایدی خۆی بەرەو ناوشار دەهات.

گوتیشی: لەئەنجامی روداوەکە دووکەس گیانیان لەدەستدا و دووی دیكەش برینداربوون، کە یەكێكیان خودی شوفێری بیئێمەکە بوو و جگە لە زیانی گیانی، زیانێکی زۆری مادیشی لێکەوتەوە.

وەئەوەی شایانی باسە بەپێی گرتەی ڤیدیۆیی کامیرەکانی چاودێری خێرایی بیئێمەکە لەکاتی رووداوەکە لە سەروو 150کم لە کاتژمێرێكدا دەخەملێنرێت.

لە لایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ کاتژمێر4ی پاش نیوەرۆی لەسەر رێگای سەرەکی هەریر - قەندیل لەنزیك گوندی ئافریان، بارهەڵگرێکی گەورە بەهۆی تەقینی تایەی پێشەوەی کۆنترۆلی لەدەستدا و خۆی کێشا بەگادرێلە "راگرەکانی شەقام" و دواتریش وەرگەڕا.

لەئەنجامی رووداوەکەدا شوفێرەکە گیانی لەدەستدا و زیانێکی زۆری مادیش بەر بارهەڵگر و رێگاوبانەکە کەوت.

لەمبارەشەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر دووپاتی كردەوە، ئێمە رێنمایی شوفێرانمان بەتایبەتێ بارهەڵگرەکان دەکەین، لەم وەرزەی گەرمادا زۆر گرنگی بەتایەی بارهەلگرەکانیان بدەن و رەچاوی بڕی ئەو بارە بکەن، کە باری دەکەن.

H.B