وەزارەتی ناوخۆ کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن 'دلیڤەری' ئاگادار دەکاتەوە

یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بڵاو کردەوە، کە ئیمزای هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی لەسەرە و ئاراستەی کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن 'دلیڤەری' کراوە داوایان لێ دەکات پابدن بن بەو ڕێنماییانە بۆیان دەرکراون.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە "دەبێت کۆمپانیاکان ئەو ماتۆڕسوارانەی کاری گەیاندنی خواردن دەکەن، پابەند بکەن بەدەرهێنانی مۆڵەتی ماتۆڕسواری و تۆمارکردنی ماتۆڕەکانیان لەماوەی شەش مانگدا لە ڕۆژی دەرچوونی نووسراوەکە، بە پێچەوانەوە کۆمپانیاکان بەرپرسیارێتی سزا داراییەکان هەڵدەگرن.
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو ماتۆڕسوارانەی لە ماوەی ڕابردوو کاریان کردووە و سەرپێچیان کردووە، بەناسینەوەی لۆگۆی کۆمپانیاکان بەرپرسیارییەتیان دەکەوێتە سەر، کە دەبێت لەماوەی ساڵێک سزا داراییەکان بدەن، هەروەها دەبێت کۆمپانیاکان پابەند بن بە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژە بەوەش دراوە، ڕەچاوی میزاجی گشتی هاووڵاتیان بکرێت و پارێزگاریی لە ژینگە بکرێت، پیویستە بۆ ناوشار ماتۆڕی کارەبایی و بێدەنگ بەکار بهێنرێت، هەروەها پێویستە ماتۆڕسوارەکان بۆ سەلامەتیی گیانی خۆیان پابەندبن بە لەسەرکردنی کڵاو و پۆشینی جلوبەرگی تایبەت. کە دەبێت لەبەر دۆخی ئەمنی هەرکۆمپانیایەک جلی تایبەت بەخۆی هەبێت.
دەقی نووسراوەکە

