بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر دەستگیركرا

دەست بەسەر بڕێك ماددەی هۆشبەر و ژمارەیەك چەك و كەلوپەلی جیاوازدا گیرا

K24- هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە هەولێر، دەستگیركردنی تۆمەتبارێك و دەستبەسەردا گرتنی بڕێك ماددە و حەبی هۆشبەر و ژمارەیەك چەك و چەند كەلوپەلێكی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەری راگەیاند.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماددە هۆشبەرەكان لە هەولێر رایگەیاند، "دواى كۆكردنەوەى زانيارى و به دواداچونى وورد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ئەمڕۆ 5/7/2020 له شارى هەولێر توانرا بازگانێکی ماددەى هۆشبەر بەناوی (م، م، ع) دەستگیربکرێت".

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەو پرۆسەیەدا دەست بەسەر بڕی (265) گرام مادده هۆشبەر لەجۆری (تلياك، هێرۆین و شيشه) و بڕی ( 490 ) شیت حەبی هۆشبەری جۆری ترامادۆڵیشدا گیرا، لەگەڵ دەسبەسەرداگرتنی (4) دەمانچە ،(1) كڵاشینکۆف، تەرازوویەکی دیجیتاڵ و چەند کەلوپەلێکی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.

H.B