بافڵ تاڵەبانی لەبارەی هەژماری من: بەهۆی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت

بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەدات، بەهۆی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە پرۆژەی "هەژماری من" زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت. هاوکات باس لە چوونی تیمێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیران لەبارەی پرۆژەکە، بۆ سلێمانی دەکات. 

 یەکشەممە، 23-02-2025، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەمیانی بەشداریی لە حەوتەمین گفتوگۆی نێودەوڵەتیى بەغدا، باسی لە پرۆژەی "هەژماری من" کرد کە لەلایەن تیمێکی تایبەتمەند و پسپۆڕی نووسینگەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە سەرپەرشتیی دەکرێت.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پرۆژەکە، ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند "بەهۆی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە، تەوتین و پرۆژەی 'هەژماری من' زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن."

بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی خستە ڕوو "بەم دواییانە پێش ئەوەی بچمە ئەمەریکا، لەگەڵ خاوەن پایە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کۆ بوومەوە و زۆر بابەتمان تاوتوێ کرد." 

سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێیان کردووە، پرۆژەی "هەژماری من" بووە و وەکوو خۆی باسی کرد، لەبارەی پرۆژەکە، پرسیارێکی لە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کردووە و ئەویش پێی "سەرسام" بووە. 

بە گوتەی بافڵ تاڵەبانی، دوای ئەوەی پرسیارەکەی کردووە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری داوە تیمێکی پرۆژەی "هەژماری من" ڕەوانەی سلێمانی بکات.

سەرۆکی یەكێتی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو تیمەی سەرۆک وەزیران ناردوویەتی "لەگەڵ تایبەتمەند و پسپۆڕە یاسایی و داراییەکانمان دانیشتن و تەماشای وردەکارییەکانی جیاوازیی وردەکاریی نێوان تەوتین و هەژماری منمان کرد."

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، دوای تەواوبوونی قسەکانی، سەرۆکی یەکێتی تەنها قسەی بۆ دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24ـی کرد و لەبارەی گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی، بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئینشائەڵڵا بە ڕۆحییەتەکی باشەوە و بە ئیتیجاهێکی باشیش دەڕوات."