وەزارەتی دەرەوەی عێراق: كارتی زۆرمان بەدەستەوەیە بۆ وەڵامدانەوەی توركیا
عێراق هەڕەشەی بەكارهێنانی چەند كارتێكی فشار بەرامبەر توركیا دەكات
K24- هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتی كردەوە، كارتی زۆریان بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی بەرامبەر پێشلێلكارییەكانی توركیا بەكاری بهێنن، گرنگترینیان كارتی ئابوورییە.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكدا به ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیكی راگەیاند، "عێراق سەرچاوەی هێزی زۆری بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی بەرامبەر توركیا بەكاری بهێنێت، بە تایبەت كە ئێستا دەیان كۆمپانیای ئابووریی وەبەرهێنانی توركیا لە عێراقن".
ئاماژەی بەوەشدا، "هەروەها عێراق باڵانسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ توركیا هەیە كە ساڵانە بە بڕی 16 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت".
گوتیشی: "یاسا نێودەوڵەتییەكان دەستەبەری مافی عێراق دەكهن و دەكرێت پەنا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ببەین و داوی سازكردنی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لێ بكەین، بۆ تاوتوێكردنی پێشێلكارییەكانی توركیا لەناوچە سنوورییەكانی خاكی عێراق هەمدیسان پەنا بردن بۆ كۆمكاری عەرەبی و رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و چەندین كارتی دیكە".
ئەحمەد سەحاف گوتیشی: "ئەمانە هەموویان كارتی فشار و هێزی كارامەن بەدەست حكومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە كە دەتوانین بەرامبەر توركیا بەكاری بهێنین، بەڵام تا ئێستا چاومان لەوەیە كە گفتوگۆی سیاسی و كاركردن بەگوێرەی بنەماكانی دراوسێیەتی و هاوسنووری باشترین رێگەچارەن بۆ ئەم مەبەستە".
جەختیشیكردەوە، تا ئێستا دوو جار باڵیۆزی توركیامان لە بەغدا بانگهێشت كردووە و ناڕەزاتی خۆمان پێڕاگەیاندووە و دووپاتمان كردووەتەوە، ئەو هەنگاوەی توركیا لێكەوتەی باشی نابێت.
راشیگەیاند، ئەو كارانەی توركیا دەبێتە هۆی هێنانەوەی گرژی لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە و درووستبوونی پشێوی لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
لە 17ی مانگی رابردووەوە سوپای توركیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بە ناو "چنگی پڵنگ" بە پاساوی بوونی چەكدارانی پەكەكە لەناوچە سنوورییەكان لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان كردووە.