شارەزایەکی کەشناسی: بەفربارین سوودی زۆری بۆ خاک هەیە

ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی بەفر و باران چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و شارەزایەکی کەشناسیش باس لە سوودەکانی بارینی بەفر دەکات.

یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، د. عومەر ڕواندزی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای کەشناسی، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەم شەپۆلە بەفربارینە، کە ئێستا چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، چەندین سوودی هەیە، لەوانە؛ بەفر سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، چونکە ئەو ئاوەی لە بەفردا دەتوێتەوە ئاوێکی سازگارە و بۆ خواردنەوە زۆر گونجاوە، تەنانەت دەتوانین بڵێین هۆکاری سەرەکییە بۆ مانەوەی ئاوی سازگار لە جیهاندا.

د. عومەر، گوتیشی: هۆیەکی سەرەکیشە بۆ هاتنی گەشتیاران بۆ ناو بەفر، چونکە جوانییەک دەبەخشێتە ئەو ناوچەیە و دەتواندرێت بۆ چەندین فێستیڤاڵ و چالاکی سوودی لێ ببیندرێت، ئەمە جگە لەوەی ڕۆڵی پۆشاک دەبینێت بۆ زەوی، چونکە بەفر 90%ـی هەوایە و 10%ـی ئاوە، هەروەها دەبێتە هۆی پاراستنی ئەو زیندەوەرانەش کە لەنێو خاکن.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ باسی لەوە کرد، هەبوونی بەفر لەناوچە ساردەکان سیستەمێکی ژینگەیی فەراهەم دەکات، بە تایبەتی بۆ ئەو ئاژەڵانەی لە ناوچە ساردەکان دەژین، ئەو ناوچانەی بەنداوی تێدا دروستکراوە، توانەوەی بەفر دەبێتە پاڵنەرێکی باش بۆ دروستکردنی وزەی کارەبا تێیدا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment