عومەر فەقێ دەستگیر کرا
عومەر فەقێ، بانگواز و چالاکوان بەتۆمەتی ئەوەی ستایشی سەددام حوسێنی کردووە, لەسەر سکاڵای کوڕە ئەنفالێک لە هەولێر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا.
کوڕی ئەنفالکراوێکی کوردستان کە پارێزەرێکی ڕاوێژکارە، سکاڵای لەسەر عومەر فەقێ تۆمارکرد، بەتۆمەتی پێشتر عومەر فەقێ گوتبووی:"سەت ڕەحمەت لە گۆڕی سەددام حوسێن، کێش پێی ناخۆشە، سەری بە گۆڕی بابی" هەرچەند لەسەر ئەو قسەیە عومەر فەقێ داوای لێبووردنی کرد و گوتی: پەشیمانم لەو قسەیەی کردوومە، ئەمڕۆ لەسەر ئەو سکاڵایە عومەر فەقێ لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر کرا.
یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، محەممەد عیماد، پارێزەری ڕاوێژکار، لە هەواڵەکانی کاتژمێر 6ـی کوردستان24 کە کۆڤان عیزەت پێشکەشی دەکات ڕایگەیاند: لە بابەتی یاسایی هیچ تاوانێک نییە ئەنجامدرابێت، بە داوای لێبووردن تاوانەکە بسڕێتەوە، گوتیشی: سەدا 90ـی خەڵکی کوردستان قوربانی دەستی سەددام حوسێن بوون، ئەمڕۆ ئازادی کە بەدەستهاتووە بە خوێنی شەهیدان و ئەنفالکراوانە، بۆیە پرسەکە زۆر لەوە گەورەترە بە داوای لێبووردن دابخرێت.
پارێزەری ڕاوێژکار گوتیشی: هیچ پاڵنەرێکی سیاسی لەدواوەی سکاڵاکەی من نییە، من کوڕە ئەنفالم و قوربانی دەستی ئەو ڕژێمەم و باوکی خۆم نەبینیووە، من و سەدان هەزار کەسی وەک من قوربانی دەستی ئەو ڕژێمەین، من تەنها نیم، کەسوکاری ئەنفالکراوانی چەمچەماڵ سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە و لەگەرمیان بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، سەندیکای پارێزەرانیش داوایان لەسەر نووسیووە.
محەممەد عیماد دەشڵێت: شانازیکردن بە ڕژێمی بەعس بەپێی دەستووری عێراقی قەدەغەکراوە، پێویستە داواکاری گشتی لەسەر پرسی هەموو ئەوانەی لە سۆشیال میدیا شانازیی بە بەعسەوە دەکەن، بجووڵیندرێت، دەڵێت: عومەر فەقێ، تەعزیم و تەمجیدی سەددام حوسێن دەکات و تەحەددای کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکات کە دەڵێت ئەوەی پێی پێی ناخۆشە سەری بە قەبری بابی، ڕۆژی دواتریش هەمان قسە دووبارە دەکاتەوە، خۆشی لە دەزگاکانی میدیا دانی بەوە ناوە کە جنێوی داوە، بەپێ یاسای سزادانی عێراق هەر کەسێک قسەیەکی نەشیاو بە بەرامبەرەکەی خۆی بڵێت و هەستی بریندار بکات، پێویستە سزای یاسایی خۆی وەربگرێت، ئەگەر ئەو بابەتە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکرێت، دەبێتە سزایەکی قورستر.
پارێزەری ڕاوێژکار دەشڵێت: پێم وایە دوو ساڵ زیندانی بەسەر عومەر فەقێدا بسەپێندرێت، لەگەڵ ئەوەی دادگا ئەو بڕیارە دەدات و سزاکە دیاریدەکات، ئەگەری ئەوەش هەیە دادگا بێتاوانی دەربخات لە بابەتەکە و ئاشکراشی کرد، نزیکەی شەش سکاڵا لەسەر عومەر فەقێ تۆمارکراوە.