پارێزگاری هەولێر: هیچ هۆکارێک نییە لە هەولێر بیکەینە پشوو
لەگەڵ ئەوەی بەهۆی ساردی کەشوهەوا لەچەند ناوچەیەکی کوردستان کرایە پشوو، ئومێد خۆشناو دەڵێت: هیچ هۆکارێک نییە لە هەولێر بیکەینە پشوو.
یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سبەی لە دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندەکانی خوێندن دەوام ئاساییە، دەشڵێت: هیچ هۆکارێک نابینین بۆ ئەوەی پشوو ڕابگەیەنین.
ئەو لێدوانەی پارێزگای هەولێر لە کاتێکدایە، شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تاکوو ڕۆژی دووشەممە کاریگەریی شەپۆلەکە لەسەر هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان بۆ ناوەندەکانی خوێندن و دامەزراوەکانی حکوومەت کرایە پشووی فەرمی.
ئەمە لە کاتێکدا بەشی پەروەردەی هەولێری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی نەینەوا، بەهۆی سەرما و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، پشووی لە ناوەندەکانی خوێندنی خۆی ڕاگەیاند.
هەر ئەمڕۆ، ئەحمەد بارزان قایمقامی قەزای چۆمان، بەکوردستان24ی ڕاگەیاند: بەهۆی بەفربارین و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێرسفر، بڕیارمان دا سبەی لەدامەزراوەكانی حكوومەت پشوو بێت.
دەشڵێت: بەهۆی سەختی بەستەڵەک، هاتن و چوون زۆر سەخت بووە، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەش بەستوویەتی و شەوانە پلەی گەرما لە نێوان 16-18 پلەی ژێر سفر دادەبەزن.