وەزارەتی کارەبا: دابەزینی پلەكانی گەرما پێدانی کارەبای کەم کردووەتەوە
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دابەزینی پلەكانی گەرما بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پێدانی کارەبا.
دووشەممە، 24-02-2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کەمبوونەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما لە كاتژمێر (2:00)ی شەو، گرفتێكی تەكنیكی لە كێڵگەی كۆرمۆر دروست بوو و كاریگەریی لەسەر هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا هەبوو، بەهۆیەوە 1000 مێگاوات كارەبا کەم بووەوە."
وەزارەتی کارەبا دووپاتیشی کردووەتەوە "تیمەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی كارەبا سەرقاڵی چارەكردنی گرفتەكە و ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكەن."