‎ ئەو کەسانەی بەبێ بڕوانامە خۆیان بە پسپۆڕی دەروونی ناساندووە، دەدرێنە دادگا

لۆگۆی کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونیی کوردستان
لۆگۆی کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونیی کوردستان

کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونیی کوردستان سکاڵای یاسایی لەسەر ‎ هەموو ئەو کەسانە تۆمار دەکات کە بەبێ بڕوانامە خۆیان وەکوو پزیشك و پسپۆڕی دەروونی ناساندووە، تۆمار دەکات. 

یەکشەممە، 23-02-2025، کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونیی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "لەم ماوەی دواییدا خەڵکانێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆیان وەک پزیشک و پسپۆڕی دەروونی ناساندووە، تا ئەو ڕادەیەی بابەتەکە لە حاڵەت دەرچووە و بووەتە دیاردە."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە "ئەوەشی کە بەداخەوە، یارمەتیدەر بووە و بازاڕی ئەو کەسانەی گەرم کردووە، شەرم بووە لە نەخۆشیە دەروونییەکان. هەندێک لە چارەخوازان حەزییان نەکردووە دەرکەون لای کەسانی تایبەتمەند و بەڵکو ویستوویانە لەپشت پەردەوە چارە بکرێن. وەک ئەوەی ڕەفتارێکی شەرمەزاریان کردبێت کە تووشی نەخۆشی دەروونی بوون."

کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونیی کوردستان وەکو ئەرکێکی مرۆیی و لەپێناو پاراستنی چارەخوازان، سکاڵا لەسەر هەموو ئەوکەسانە تۆمار دەکات کە خۆیان بە پزیشك و پسپۆڕی دەروونی ناساندووە و هەڵگری هیچ جۆرە بڕوانامەیەکی پەیوەندیدار و باوەڕپێکراو نین لەم بوارەدا. ئەمەش دوای زیادبوونی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە و پێشکەشکردنی چارەسەری نادروست ونازانستی و زیان گەیاندنیش بە بەشێک لە چارەخوازان. 

‎ ئاماژە بەوەش کراوە "لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری ئەوکەسانە هیچ پسپۆڕیەکیان لەو بوارەدا نییە و بە پێی بەدوا داچوونەکانمان زۆربەیان شارەزاییەیەکی ئەوتۆیان نییە تەنانەت ڕێنماییش بدەن، چی بگاتە ئەوەی کە چارەی دەروونیی پێشکەش بکەن."

‎ کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونیی کوردستان باسی لەوەش کردووە "وەک ئەرکێکی مرۆیی و  لە پێناو پاراستنی چارەخوازان سڵناکەینەوە لە تۆمارکردنی سکاڵا لەو کەسانە لە ڕێگای داواکاری گشتییەوە و تا ئێستەش چەند سکاڵایەک گەیشتوونەتە دادگا و ئەو جۆرە کەسانە سزای خۆیان وەردەگرن."

‎لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "هەروەک چۆن چەپڵە بەدەستێک لێ نادرێت، ئەگەر خەڵک هاوکار نەبن و وریا نەبن، نە ئێمە و نە داواکاری گشتی ناتوانین ئەو دیاردەیە بە تەنیا بنبڕ بکەین. بۆیە لێرەوە داواتان لێ دەکەین بە هیچ ڕیکلامێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵنەخەڵەتێن و نەکەونە داوی ئەو کەسانەوە."

‎‎ کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونیی کوردستان داواش لە هاووڵاتییان دەکات "لە هەر شوێنێک ئەو جۆرە کەسانەتان بەرچاو کەوت بە بەڵگەی ڤیدیۆیی و وێنە  بۆمانی بنێرن، دڵنیاش بن ئێمە سڵ ناکەینەوە لەوەی ڕووبەڕووی یاسایان بکەینەوە."