دوای ڕووبەڕووبوونەوە، پێنج بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران

ژمارەیەک بازرگانی دەستگیرکراوی ماددە ‌هۆشبەرەکان (ئەرشیف)
ژمارەیەک بازرگانی دەستگیرکراوی ماددە ‌هۆشبەرەکان (ئەرشیف)

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە ڕووبەڕووبونەوەیەکدا لەناو قەزای پێنجوێن، پێنج بازرگانی ماددەی هۆشبەری دەستگیر کرد. 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بڵاوی کردووەتەوە "ئەمڕۆ دووشەممە، 24-02-2025، لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، پاش چاودێری و بەداواداچوونی ورد، لە هەڵمەتێکدا پێنج بازرگانی ماددەی هۆشبەرمان دەستگیر کردووە." 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی پێنج بازرگانەکە، ڕووبەڕووبوونەوە ڕووی داوە، بەڵام لە ئەنجامدا توانییان هەر پێنج بازرگانەکە دەستگیر بکەن کە یەکێکیان بریندار بووە. 

بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی لەوەش کردووە، هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا، دەست بە سەر بڕی چوار کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریساڵ گیراوە و تۆمەتباران ڕووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.