وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق تەنها ڕێگە بە گواستنەوەی ئاژەڵی زیندووی هەرێمی کوردستان دەدات
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بەهۆی ئەو نەخۆشییەی ئێستا لەنێو ئاژەڵان بڵاوبووەتەوە، گواستنەوەی هەموو ئاژەڵێکی زیندوو لەنێوان پارێزگاکانی عێراق قەدەغە دەکات، تەنها ئەو ئاژەڵانە نەبێت کە لە هەرێمی کوردستانەوە دێن، بە مەرجی پێشووەختەی پشکنین.
دووشەممە 24ـی شوباتی 2025، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، گواستنەوەی هەموو ئاژەڵێکی زیندووی لە( مەڕ و بزن و گا و گامیش)ـی قەدەغەکرد بۆ ڕێگریکردن لەو نەخۆشییەی لەنێو ئاژەڵاندا بڵاوبووەتەوە و زیانێکی زۆری بە ئاژەڵداران گەیاندووە بەهۆی مرداربوونەوەی ژمارەیەکی زۆری گا و گامێش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئەو ڕێکارە توندە لە نێوان پارێزگاکانی(بەغدا، بابل، دیالە، نەجەف، واست) دەگیرێتە بەر، هاوکات وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاریدا هەموو ئەو شوێنانە دابخرێت کە شوێنی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی زیندوون.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی ئاژەڵی زیندوو لەنێوان پارێزگا و ناوچەکانی دوور لە پەتاو نەخۆشییەکە و هەرێمی کوردستانیش ئاسایی دەبێت بەمەرجی پشکنینی ئاژەڵەکان و بوونی بڕوانامەی تەندروستی ڤێتێرنەری لە فەرمانگەی ڤێتێرنەری.